کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەبەرە دەستی ڕێژیم لە عێراق کووڵ دەبێتەوە

11:00 - 9 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی کووڵکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و پڕۆسەی وەرگرتنەوەی سەروەرییە بەتاڵانبراوەکانی عێراق، بانکی ناوەندی ئەم وڵاتە بڕیاری دا دۆلار بەو کەسانەی بەنیازی سەفەری ئێران نادرێت.

بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم بانک و سەڕافییە ڕێگەپێدراوەکانی وڵاتەکەی کردووە بەهیچ شێوەیەک دۆلار بەو هاووڵاتییانە نەدەن کە دەیانهەوێ سەفەری ئێران بکەن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: بەپێی ڕێنمایی و بڕیارەکانی مانگی سێپتامبری ڕابردووی وەزارەتی دەرەوە، ئەرزی دۆلار لە ئاڵووێرە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران حەزف دەکرێت؛ لە هەمان ڕاستاشدا نابێ دۆلار بەو کەسانە بدرێت کە بەنیازی سەفەر بۆ ئێرانن.

دەرکردنی ئەم بڕیارە دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە ئامریکا لە بەرجام کشاوەتەوە و کۆمەڵێک تەحریمی سەخت و دژواری دژ بە کۆماری ئیسلامی گرتۆتە بەر کە یەکێک لە بڕیارەکانی ئامریکا قەدەغەبوونی ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ ئێران بە دۆلارە.

بەوتەی هەندێک ئاماری فەرمی ڕێژیمی ئێران، ئاستی ئاڵووێرە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق 8 میلیارد دۆلارە و حەسەن ڕوحانیش وتبووی کە دەیانهەوی ئەم ڕێژەیە بگەیەننە ٢٠ میلیارد دۆلار.

لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق، کۆماری ئیسلامی خۆی لە هەموو جمگە سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگییەکاندا خزاندووە و تەڕاتێن دەکات کە ئەم مەسەلە بەردەوام ناڕەزایەتی سیاسییە سەربەخۆکانی عێراقی لێکەوتۆتەوە.