کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتووی ئوپۆزیسیۆنی رێژیمی سووریە پشتیوانی جیهانی لێکەوتەوە

14:51 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: هەر دوو حکوومەتی ئەمریکا و فەرانسە، پشتیوانیی خۆیان لەبەرەی یەکگرتووی ئوپۆزیسیۆنی سووریە کەلە ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەرتشی ئازادی ئەو وڵاتە پێکهاتووە، دەربڕی.


سەرکۆماری فەرانسە وێڕای لەقەڵەم دانی ئەو بەرەیە وەکوو نوێنەری راستەقینەی خەڵکی سووریە وتی: لەکاتی پێویستدا ئێمە پشتیوانی نیزامیش لەو بەرەیە دەکەین.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو بەرەیە دەتوانێ‌ رەوتی رووخانی رێژیمی سووریە خێراتر بکات و ئەو وڵاتە بەرەو دێمۆکراسی ببات.
مارک تونر وتیشی: ئەو بەرەیە نوێنەری ویست و داخوازییە رەواکانی خەڵکی سووریەیه و هیوادارین بتوانن کۆتایی بە تەمەنی رێژیمی سووریە بێنن.
لەلایەکی دیکەوە یەکیەتی ئورووپاش لە کۆبوونەوەی قاهیرەدا پشتیوانیی خۆی لەو بەرەیە راگەیاندووە.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢٠ مانگ لە گرژی و نائارامییەکانی سووریە، لایەن و هێزەکانی ناڕازیی رێژیمی سووریە توانیان لە دۆحهی قەتەر بەرەیه‌کی یه‌کگرتوو پێک بێنن.
وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی عەرەب پێکهاتەی نوێی‌ ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەرتەشی ئازادیان بە فەرمی ناسیوە.
ئەحمەد موعاز خەتیب، پێش‌نوێژی پێشووی مزگەوتی ئومەوی لە دیمەشق وەک بەرپرسی ئەو بەرەیە دیاری کراوە.
پێشتریش ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو ئەو پێکهاتە تازەیەی بە فەرمیی ناسیبوو.