کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد پشتیوانییە نیزامی و ئابوورییەکانی رێژیمی ئێران زۆر گرینگ وەسف کرد

16:36 - 26 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: بەشار ئەسەد لەوتووێژ لەگەڵ کاناڵە هەواڵنێرییەکانی رووسیەدا رایگەیاندوە، لەماوەی چوار ساڵ شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، رێژیمی ئێران پشتیوانیی نیزامی و ئابووری لەو وڵاتە کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرکۆماری وڵاتی سووریە بەشار ئەسەد لەو وتووێژەدا دانی بەوە داهێناوە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پشتیوانی لەدەمیشق چەک‌وچۆڵ و کارناسانی نیزامیش بۆ سووریە رەوانە کردووە.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار رێژیمی ئێران جیا لە هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و بەسیج، شیعەکانی ئەفغانستان، عێراق و حیزبوڵڵای لوبنانیشی بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

ئەو لێدوانەی ئەسەد لەکاتێک دایە کە شورای هاوکاریی کەنداو لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو کە لەوڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەوڵەکانی رێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیدیان بەو رێژیمە دا.

بەشداری کردنی بەرچاوی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمەلایەنەی رێژیمی ئێران لە رێژیمی بەشار ئەسەد و جێبەجێ کردنی چەک وچوڵ و بەشداری کردن لە سەرکوتی دژبەرانی سڤیل و کوشتنی بێ رەحمانە بووەتە هۆی ئەوەی ئوپۆزیسیۆنی سووریە رابگەیەنێت کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و ئیستا سپای پاسداران لە سووریە بە دەسەڵاتداری گەیشتووە.

لەسەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە کە ماوەی ٥ ساڵە لەو وڵاتە درێژەی هەیە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس کوژراون و ٧ میلیون و ٦٠٠ هەزار کەسیش بێ‌ماڵ‌وحاڵ بوونە.