کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی UNPO

16:56 - 9 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەندامی دەستەی رێبەریی رێکخراوی UNPO، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو رێکخراوە بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆبوونەوەی ساڵانی رێکخراوی نێونەتەوەیی UNPO رۆژانی هەینی و شەممە رێکەوتی ٦ و ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری مۆنیخی ئاڵمان بە بەشداریی ئەندامانی خۆی و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو ئەندامی دەستەی رێبەری بەڕێوەچوو.

‌هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی ماوەی پاش ئاخرین کۆنفرانس و داڕشتنی کار و پلانی داهاتوو، راپۆرتی هەرکام لە بەشەکان، خستنە بەرباس و دەنگدان لەسەر داخوازیی چەندین رێکخراو و حیزب و لایەن، سەبارەت بە وەرگرتنیان وەکوو ئەندام لەو دوو رۆژەدا تاوتوێ کران.

‌جەهانگیر حاتەمی هاوکاری بەشی پێوەندییە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بیر و را و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی لەبارەی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران و کوردستان بە ئاگاداری دەستەی بەڕێوەبەری گەیاند و تێبینییەکانی حیزبی سەبارەت بە شێوەی وەرگرتنی ئەندام و پێوەندی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان خستە بەرباس.

رێکخراوی نەتەوە و گەلانی بێ نوێنەر (Unrepresented Nations and Peoples Organization) رێکخراوی ئەو گەل و نەتەوانەیە کەلە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەریان نییە.