کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە رێورەسمی بە خاکسپاردنی مێژوو نوسی کورد \"وەزیرێ ئەشۆ\"

14:36 - 11 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی دوکتور خەسرەو عەبدوڵڵاهی لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی مێژوونووسی بە ناوبانگی کورد وەزیرێ ئەشۆ لە بلژیک بەشداریی کرد.

بەپێی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژ یێنجشەممە، رێکەوتی ٩ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی دوکتور خەسرەو عەبدوڵڵاهی ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە رێورەسمی بە خاکسپاردنی مێژوونووسی ناوداری کورد وەزیرێ ئەشۆ کە لە وڵاتی بلژیک بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد.

بەپێی ئەم راپۆرتە، مێژوونووسی مەزنی کورد وەزیرێ ئەشۆ رۆژی هەینی ٢٣ی ژانویەی ٢٠١٥ی زایینی لە نەخۆشخانەیەکی شاری برۆکسێلی وڵاتی بلژیک لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو دۆستێکی نزیک و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بوو.

كۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – بلژیک لەم رێورەسمەدا بەشداریی بەرینیان هەبوو.

رێورەسمەکە لە وڵاتی بلژیک بە بەشداریی سەدان کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و هەروەها نوێنەرایەتیی چەندین حیزب و رێکخراوی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە رێورەسمەکەدا پەیامی ئەم لایەن و کەسایەتییانە بە بۆنەی کۆچی دوایی مێژوونووسی تێکۆشەری کورد وەزیری ئەشۆ پێشکەش کران:

-پەیامی بنەماڵەی وەزیرێ ئەشۆ لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە
-پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی لەلایەن دڵاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئورووپا
-پەیامی دوکتور خەسرەو عەبدوڵڵاهی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
-پەیامی رەمزی کارتال سەرۆکی کۆنگرەی گەلی کوردستان
-پەیامی پەروین جەمیل سەرۆکی بیرۆی کورد لە برۆکسێل
-پەیامی PENی کورد لەلایەن ساڵحی کەڤربری
-پەیامی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانی لە بلژیک لەلایەن سدقیت ڕوانشی
-پەیامی یانەی ئێزدییەکان لە فەرانسە

لە پەیامی نوێنەری حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا وەزیرێ ئەشۆدا، وێرای بەرز نرخاندنی کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوبراو، رێز لە کار و خەباتی دەیان ساڵەی ئەم مێژوونووسە مەزنەی کورد گیرا و پرسە و سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاراستەی بنەماڵەی وەزیرێ ئەشۆ و هەموو گەلی کوردستان کرا.

کازیوە.ر