کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا لە بلژیک

17:35 - 19 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە بلژیک سێمینارێکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دوایین بارودۆخی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهات و شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک بەشداری سمینارەکە بوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، سێمینارێکی سیاسی لە لایەن پارتییا یەکیەتییا دێموکراتی‌یا کورد لە سووریا – (YEKITI)، بۆ سەلاح عەلەمداری ئەندامی لێژنەی سیاسی ئەم پارتە کە لە کوردستانەوە هاتبوو و حەبیب ئیبراهیم بەرپرسی پێوەندییەکانی ئورووپای ئەم پارتە پێکهات.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

ئەم سێمینارە لە دوو تەوەری سەرەکیدا بەڕێوە چوو؛

لە تەوەری یەکەمدا سەلاح عەلەمداری ئەندامی لێژنەی سیاسی یەکیەتییا دێموکراتی‌یا کورد لە سووریا، باسێکی تێر و تەسەڵی لە سەر بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانی پێشکەش کرد.

ناوبراو هێمای بە دەسکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پاش نەمانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لەم بەشەی کوردستان کرد. هەروەها باسی هۆکارەکانی هاتنە مەیدانی چەندین ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی جیاواز لە سووریه کرد کە هێرشیان کردە سەر گوند و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کوژران و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردی ڕۆژئاوا بۆ باشوور و باکووری کوردستانی لێ‌کەوتەوە.

لە کۆتایی باسەکەیدا، سەلاح عەلەمداری هیوای خواست کە پارتە کوردستانییەکان ڕێکبکەون و بە یەک دەنگ و یەکگرتووانە لە کۆبوونەوەکانی ژنێڤ و دەرەوەی وڵات بەشدار بن و سەرکەوتن بەدەست بێنن و چی دیکە لە پەراوێز نەخرێن.

بابەتی دووهەمی سێمینارەکە لە لایەن حەبیب ئیبراهیمەوە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە باسەکەیدا ئاوڕی لە سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەبی و ڕووداوەکانی ناوچە و هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەهەمبەر دۆخی سووریە بەگشتی دایەوە.

ناوبراو باسی لە سەرهەڵدان و بەدەسەڵات گەیشتنی ئیخوانولموسلیمن لە میسر کرد کە بوو بەهۆی زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی بەشێک لە ئیسلامی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و ناوچەکە و هەروەها چەندین لایەنی ئیسلامیی دیکە.

بە سەرهەڵدانی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی؛ ئێران بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسد هاتە مەیدانی شەڕەکەوە و بوو بە پشتیوانی سەرەکیی ڕاگرتنی ئەم ڕێژیمە و لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانیی لێ کرد و بەتایبەت لە بواری نیزامی‌دا.

ناوبراو هەروەها گووتی ئامانجی ڕێژیمی ئێران بردنە پێشی ئیسلامی شیعەگەری و بەهێزکردنی هیلالی شیعەی لایەنگری ئەم ڕێژیمە بوو بە هۆی هاتنە مەیدانی ئێران و لە ئاکامدا سەدان هەزار هاووڵاتی کوژراون و پرۆسەکە هەر دڕیژەی هەیە.

حەبیب ئیبراهیم باسی ئەوەشی کرد کە لەگەڵ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی بن‌ئاژۆخوازیی ئیسلامی و هاتنە مەیدانی ئیران و داعش؛ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاتنە هانای کورد و خەڵکی قوربانیی ناوچەکە. لەگەڵ هاتنە سەرخەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی تورکیەش بە کردەوە تێکەڵ بە شەڕەکە بوو و پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کوردانی باکووری کوردستانی شکاند و لە پێناو هێرشکردنە سەر داعش، هێرشی بەربڵاوی هێنایە سەر خەڵکی سڤیلی خۆی لە کوردستانی باکوور.

لە کۆتایی وتەکانیدا هێمای بەوە کرد کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی نەبوونی بەرەیەکی نیشتمانی و نەتەوەویی و هەروەها ناکۆکیی نێوان پارتەکانی کوردستان، ڕەوتی ڕۆژئاوا نەیتوانیوە بە گوێرەی پێویست ڕۆڵی خۆی لە دانیشتنەکانی ژنێڤ و ڕیاز بگێڕێت و بە داخەوە کورد لەو کۆبوونەوانەدا بە هۆی نەبوونی ڕێککەوتن لە نێوان پارتەکاندا، پەراوێز خراون.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک کە بە فەرمی بۆ ئەم سمینارە بانگهێشت کرابوو، بە شاندێکی پێکهاتوو لە بەرپرسی کۆمیتە بەها ئیبراهیمی و ئیبراهیم خودامورادی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکان و هەروەها چەندین ئەندامی حیزب لە سمینارەکەدا بەشدار بوون.