کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە یەكیەتیی ئورووپا، بەشداریی لە كۆنفڕانسی "ستراتیژیی بەرگریی ئورووپا تا ٢٠٢٥" كرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، لە چوارچێوەی چالاكیی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا، لە كۆنفڕانسی ستراتیژیی بەرگریی ئوروپا تا ٢٠٢٥، (by 2025 Fully-flaged Defence Union)، كە لە لایەن ناوەندی لاوە پۆرفێشناڵەكان لە سیاسەتی دەرەوە ڕێكخرابوو، بەشداری كرد.
ناوەندی لاوە پۆرفێشناڵەكان لە سیاسەتی دەرەوەدا، ناوەندێكە كە لەسەر پرسە هەستیارە جیهانییەكان كار دەكات، بۆ ئەوەی كە وزەیەكی زیاتر بە سیاسەتی دەرەوە ببەخشێت.
لەم ناوەندەدا بۆ ئەوە كار دەكەن، كە ڕێبەرانی لێهاتوو بۆ جیهان پەروەردە بكەن. بنکەی سەرەكیی ئەم ناوەندە لە ئامریكایە و لە بروكسێل و لەندەن لقی هەیە و لە هەشتا وڵاتی جیاوازی جیهاندا ئەندامی هەیە.
کۆنفڕانسەکە به ئاخاوتنی ئەم کەسانە بەڕێوەچوو:
"جوانكە باڵفۆرت"، نوێنەری هولەند لە كۆمیتەی سیاسی و ئەمنیی یەكیەتیی ئورووپا، "دانیێل فیوت" لێكۆڵەر لە ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی یەكیەتیی ئورووپا، "ئارۆنت مۆلێنار"، لێكۆڵەری تایبەت به سیاسەتی بەرگریی لە بەشی ئەركە دەرەكییەكانی یەكیەتیی ئورووپا.
ئەو پرسانەی كە لەم كۆنفڕانسەدا باسیان لەسەر كرا بریتی بوون:
ـ ستراتیژی بەرگریی یەكیەتیی ئورووپا و وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە که بەرگری لە چی بكرێت؟
ـ ئایا یەكیەتیی بەرگریمان دەوێت یان بەشداریی مەدەنیانە لە كێشەكان؟
ـ بەربەستەكان چین و یەكیەتیی ئورووپا چی لە ناتۆ و سیاسەتی تایبەتی وڵاتان دەكات؟
خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە، كە لە ساڵی ٢٠٢٠ بەولاوە، یەكیەتیی ئورووپا كار لەسەر بوودجەیەک دەكات بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەكان.