کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی پێدانی خەڵاتی شانازیی نەتەوەیی فەرانسە بە خاتوو سینەم بەدرخان

14:40 - 17 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە لە کۆبوونەوەی پێدانی نیشانی شانازیی نەتەوەیی فەرانسە بە سینەم بەدرخان کە لە ماڵی فڕێدریک تیسۆ بەڕێوە چوو؛ بەشداری کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، بەدوای بانگهێشتی فەرمی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خوسرەو عەبدوڵڵاهی نوێنەری حیزب لە فەرانسە، لە رێورەسمێکیدا کە بۆ پێدانی نیشانی شانازیی نەتەوەیی فەرانسە بە خاتوو سینەم بەدرخان لە شاری پاریس و لە ماڵی دوکتور فرێدریک تیسۆ، سەر کۆنسولی پێشووی فەرانسە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، بەشداری کرد.

دوکتور بێرنار کۆشنێر (Bernard Kouchner) وەزیری پێشووی کاروباری فەرانسە و دوکتورفرێدریک تیسۆ سەر کۆنسولی پێشووی فەرانسە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لەلایەن دەوڵەتی فەرانسە ئەو رێوڕەسمەیان بەڕێوە بردبوو.

رێوڕەسمەکە بە پەیامێک لەلایەن فرێدریک تیسۆ لەسەر ژیانی و چالاکییەکانی سینەم و بنەماڵەی بەدرخان دەستی پێکرد.

10268.jpg


تیسۆ لە وتەکانی خۆیدا لەسەر خزمەتکارییە ئەدەبی و فەرهەنگی و پڕبایەخی بنەماڵەی بەدرخان بە تایبەت باوکی جەلادەت و مامەکانی سورەیا و کامران بۆ نەتەوەی کورد و فەرانسە جەختی کردەوە.

پاشان دوکتور کۆشنێر نیشانی شانازیی نەتەوەیی فەرانسە بە رێزەوە بە سینەم بەدرخان پێشکەش کرد.

سینەم چەندین ساڵ ماموستای زمانی فەرانسوی لە دەرەوەی فەرانسە و لە وڵاتانی سووریە و عێراق بووە و باوک و مامەکانیشی خزمەتێکی گەورەیان بە زمانی فەرانسە کرد.
لەو رێوڕەسمەدا سەرەڕای کچ، نەوە و زاوای سینەم، ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی کورد و فەرانسوی کە دۆستی ناوبراو بوون؛ بەشدارییان کردبوو.

دوکتور کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەری شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو، خاتوو پرۆفسۆر ژویس بلاو، ماموستای زمان و ئەدەبیاتی کورد، کریس کۆچرا، رۆژنامەنووس، نووسەر و کوردناس، خاتوو ئێدیت کۆچرا رۆژنامەنووس و وێنەگر و خاتوو فێردا خان لەو کەسایەتییانە بوون کە لەو رێوڕەسمەدا بەشدارییان کردبوو.

10273.jpg


نیشانی شانازیی نەتەوەیی فەرانسە، جیا لە فەرانسویەکان، بە کەسانی دیکە کە لە بوارێکدا خزمەتیان بە پیرۆزییە بە نرخەکانی ئەو وڵاتە وەک (ئازادی و دێموکراسی) کردووە، لە سەر داوای سەرکۆمار پێشکەش دەکرێ.