کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی تایبەت بە کوردە ئیزەدییەکان لە پارلمانی ئورووپا

15:04 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک هاوڕێ لەگەڵ خاتوو مونیک سمیتس، لە کۆنفراسێک کە لەلایەن پارلمانی ئورووپا لە پێوەندیی لەگەل دۆخی کوردە ئیزەدییەکان بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، جەمیل فەتحی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک و خاتوو مونیک سمیتس، هاوکاری بەشی پێوەندیی حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسێک سەبارەت بە دۆخی ئیزەدییەکان – ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، ئێستا و داهاتوو کە لە پارلمانی ئورووپا بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد.

ئەم کۆنفراسە تایبەتە لەلایەن ئانا خۆمیس بە پێشکەش کردنی چەند وتەیەک دەستی پێکرد. ئەم پارلمنتارە ئامنجی لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفراسە، تاوتوێ کردنی بارودۆخی ئیزەدییەکان – ناوچە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا و داهاتوو و بەتایبەت چاوپێداخشاندنی بارودۆخی ئیزەدییەکان پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ کوردستانی عێراق و ژینۆسایدی ئەوان، راگەیاند.

پاشان، بەشداربویەکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ مێژووی ئیزەدییەکان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ئیزەدییەکان هەتا ئێستا ٧٢ جار تووشی کۆمەڵ کوژی بوونە و هەنووکە گرتنە بەری رێکارێک بۆ باشتر بوونی دۆخی ئیزەدییەکان لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە پێویستییەکی مێژووییە.

لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا، یەکێک‌تر لە بەشداربووان پرژایە سەر مێژووی ئیزەدییەکان و سەرکوت کرانی ئەوان لەلایەن نەتەوەکانی فارس، عەرەب و تورک بە هۆی کەمینەبوون و ئایینی جیاوازیانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنفرانسەدا، لەبەر نەناردنی یارمەتی بۆ ئاوارە ئیزەدییەکان، رەخنە لە دەوڵەتی تورکیە گیرا.

لە بەشی کۆتایی ئەم کۆنفراسەدا، ئانا خۆمیس، ئەندامی پارلمانی ئورووپا خوازیاری یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی نەتەوەی کورد لە پێناو زەخت خستنە سەر یەکیەتی ئورووپا بوو و هەروەها داوای کرد کە هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی داواکارییەکان رادەستی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی بکرێت.