کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی وەفدێکی حیزب لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی سەرۆكی كوردستانی سوور

11:23 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەفدی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی پێشوازی و بەخاكسپاردنی تەرمی سەرۆكی كوردستانی سووردا، بەشداریی کرد.

ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بانەمەڕ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "محەمەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، لە ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی "وەکیل مستەفایۆڤ"، سەرۆکی کوردستانی سوور، کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو، بەشداریی کرد.

ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی "وەکیل مستەفایۆڤ"، لە هۆڵی "سەعد عەبدوڵڵا"، لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی حیزبی دێموكرات بە بنەماڵە و نوێنەری فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، ڕاگەیەندرا.

لەو ڕێورەسمەدا پەیامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم، پارلمانی کوردستان، فیدراسیۆنی كوردانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو و بنەمالەی مستەفایوڤ پێشکەش کرا و دواتر تەرمی مستەفایۆڤ لە نێو كەژاوەیەكی فەرمیدا بە خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردرا.