کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە یەكیەتی ئورووپا، بەشداری لە "دیبەیتی هەڵبژاردنەكانی ئورووپا و هەروەها سمیناری پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین; شەڕی ساردیی نوێ" کرد کە لەلایەن گرووپی فێدرالیستەکان و ئەنستیتۆی ئورووپا بۆ توێژینەوەی ئاسیا بەڕێوە چوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی رێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەست پیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەكیەتی ئورووپا لە دیبەیتێك كە لە لایەن گروپی فدرالیستەكانەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی یەكێتی ئورووپا بەڕێوە چوو، بەشداری كرد؛ لە هەمانكاتدا سمینارێك بۆ تاوتوێكردنی كتێبێك سەربارەت بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین ;شەری ساردێكی نوێ كە لە ئەنستیتۆی ئورووپا بۆ توێژینەوەی ئاسیا بەرێوە چوو، ئامادە بوو.
یەكێتی فدرالیستەكان كار دەكەن بۆ ئورووپایەكی فدراڵ و لە ساڵی ١٩٤٦وە خەریكی چالاكین. لەم دیبەیتەشدا "سەندرا گۆزی" ئیتالیایی كە سەرۆكی یەكیەتی فدرالیستەكانە و "جان زەهرادیل" پەرلەمانتاریی پەرلەمانی ئورووپا كە بەربژێرە بۆ سەرۆكایەتی كۆمیسیۆنی ئورووپا، پرسی هەڵبژاردنەكانی یەكیەتی ئورووپایان تاوتوێ كرد.
باسی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین یەكێك لەو بابەتانەیە كە باس و خواستی زۆری لە سەرە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەنستیتۆی ئورووپا بۆ توێژینەوەی ئاسیا بە بەشداری نوسەری كتێبی ” ئەمریكا و چین; شەڕی ساردێكی نوێ؟” بابەتەكەیان خستە بەرباس. كاكڵەی باسەكە لە سەر ئەوە بوو كە ئەمریكا و چین رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە بەریەككەوتن نیزیک دەبنەوە. لە ئێستاشدا چین چاوەڕێی ئەمریكا دەكات و بەشێوەیەك لەگەڵی هەڵدەكات بەڵام گەراكانی بەهێزبوونی چینە كە سیاسەتی ئەمریكای بە خۆیەوە خەریك كردووە.