
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەهۆی تۆز و خۆڵ و وشکەساڵییەوە، ٨٠ لەسەدی بەشی کشتوکاڵی پارێزگای "کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد" زیانیان پێ گەیشتووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بەشی وەرزێڕی لە کوردستان و ئێران زۆرترین هێزی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ جووڵە ئابوورییەکان و بەتایبەت هەڵاوسان هەبووە.
بەو حاڵە لە دوای نەفرۆشتنی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە، ڕێژیمی ئێران تەنیا ڕێگەی کە ئابوورییەکەی پێ ڕاگرتبوو بەشی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کشتوکاڵ بوو کە ئەویش بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستنی ئاو لەلایەن ڕێژیمەوە بەرەو لەنێوچوون دەچێت.
لەلایەکی دیکەوە ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە گوندنشینان نیوەی حەشیمەتی ئەو پارێزگایە پێک دەهێنن و نزیک بە ٥٥ لەسەدی خەڵکی پارێزگای "کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد" داهاتیان لە بەشی کشتوکاڵ دابین دەکەن.