کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی تر لە سەرکردەکانی سپای پاسداران خرانە لیستی تێرۆرەوە

11:12 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: چەندین سەرکردە و فەرماندەی پایەبەرزی سپای پاسداران لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکاوە خرانە لیستی گەمارۆ و عەرەبستانی سعودی و بەحرەینیش بەشێکی دیکەیانیان خستە لیستی ڕەشی خۆیان.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر هەر کام لە وڵاتانی عەرەبستان و بەحرەین سپای پاسداران و بەشێک لە سەرکردەکانی ئەم رێکخراوەیان خستە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیانەوە کە بریتین لە قاسم سولەیمانی، عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵاهی.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، موحەممەد ئیبراهیم ئەوحەدی و ئیسماعیل ڕەزەوی بە تاوانی هاوکاری و پشتیوانی کردنی تاڵیبان تەحریم کرد.

هەواڵدەریی فەرمی دەوڵەتی ڕیاز ئاشکرای کردووە هەر کام لە سپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵاهی خراونەتە لیستەی دامەزراوە و تاکە تێرۆریستییەکانی عەرەبستان و بەحرەین.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵاهی لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی دەستیان لە پەروەندەی تێرۆری عادل ئەلجوبەیر باڵوێزی ئەو کاتی عەرەبستان لە ئامریکادا هەبووە؛ ئەم کەسانە پێشتریش لەلایەن ئامریکا و یەکیەتی ئورووپاوە تەحریم کرابوون.

لەلایەکی دیکەشەوە پاش ئەم ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ڕێکەوتی 1ی خەزەڵوەر موحەممەد ئیبراهیم ئەوحەدی و ئیسماعیل ڕەزەوی سەر بە سپای قۆدسی سپای پاسدارانی خستە لیستەی تەحریمەکانی خۆیەوە؛ تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم کەسانە پشتیوانی و هاوکاری کردنی ڕێکخراوی تێرۆریستی تاڵیبانی ئەفغانستان بووە.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریدا هاتووە: موحەممەد ئیبراهیم ئەوحەدی ئەفسەری هێزی قۆدسی سپای پاسداران، ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ عەبدوڵا سەمەد فارووقی جێگری حاکمی ویلایەتی هەرات ڕێککەوتوون تاکوو لەبەرامبەر دانی پشتیوانی ماڵی و سەربازی بە تاڵیبان، ئەم گرووپە هێرشی تێرۆریستی بکەنە سەر حکوومەتی ئەفغانستان؛ ئەم ڕێککەوتنە لە شاری بیرجەندی خۆراسان ئەنجام دراوە و میلیشیاکانی تاڵیبان لە سەربازگەیەکی ئێران لە نیزیک بیرجەند ئامووزش دراون.

هەر لەمبارەوە، ئیسماعیل ڕەزەوی بەرپرسی یەکێک لە ناوەندە فێرکارییەکانی هێزی قۆدس لە بیرجەندە کە جیا لە فێرکردنی تێرۆریستەکان، پێداویستی وەرگرتنی زانیاری و چەکوچۆڵی بۆ تاڵیبان لە هەرێمەکانی وەک فەراه، هێلمەند، غوور و بادغەیس دابین کردووە؛ بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە ڕەزەوی ساڵی ٢٠١٧ ڕۆیشتووەتە هەرێمی فەراه تاکوو تاڵیبان بۆ هێرش کردنە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان هان بدات.