کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە قوتابخانەی گوندەکانی پارێزگای لوڕستان لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگرن

11:15 - 29 بەفرانبار 2721

بەشێک لە قوتابخانەی گوندەکانی پارێزگای لوڕستان سەرەڕای ئەوەیکە ئیمکانی دەستپێڕاگەیشتن بە سیستمی لوولەکێشیی گازیان هەیە، بەڵام بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسان لەو قوتابخانانە لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگیرێت.

قوتابخانەی گوندەکانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ کێشەگەلێکی وەک "ڕووخانی بەری میچ و دیوار، ئاگرکەوتنەوەی کوورە و ڕێگای هەوراز و تەلان" بەرەوڕوون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا قوتابخانەی چەند گوند لەگەڵ ڕووداوی وەک ئاگرکەوتنەوە و لافاو بەڕەوڕووبوونە، بۆ نموونە لە ساڵانی  ١٣٩٥، ٩٦ و ٩٨ سێ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو قوتابخانانە بەهۆی بوونی کوورەی نەوتی ڕووی داوە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٩٨ بەهۆی لافاو، ١١٥ قوتابخانە خراپ بوون و ١٧٩ قوتابخانەش بە گشتی لەنێو چوون و بە هۆیەوە ٣٥ هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەش کراون.

ساڵی ٩٨ "داریوش وەرناسری" جێگری فەنی و چاوەدێریی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران وتبووی، لە پارێزگای لوڕستان سێ هەزار پۆلی خوێندن لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگرن و هەتا سەرەتای مانگی ڕەزبەر تەواوی کوورە نەوتییەکانی کۆ دەکەنەوە.

وتەکانی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە ئەمساڵ "ئەمیر غەفووری‌نژاد" بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە، گەشە و تەیارکردنی قوتابخانەکانی لوڕستان لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا وتبووی: "لە ئەگەری ئەوەیکە ساڵانە ٣٠ میلیارد تمەن بودجە بۆ بەشی تەیارکردنی قوتابخانەکانی پارێزگا تەرخان بکرێت دیسانیش زیاتر لە ٣٠ ساڵ کات پێویستە هەتا ٣٠ لەسەدی قوتابخانەکانی پارێزگا بە ئاستی ستاندارد بگەن".