
"فواد حوسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای ڕەخنەگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتە، وتی: "کاربەدەستانی عێراقی شێوازی هەڵسوکەوت و ڕوانگەیان بەنیسبەت حکوومەتی ئێران وەک جاران نەماوە و باشتر وایە چاوەڕوانی شتێکی تر بن".
ناوبراو ڕایگەیاند: "ئێمە بە ئێرانییەکانمان وتووە پێویستیمان بە هاوکاریی دوولایەنە هەیە، پێویستیمان بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا نییە".
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەژێر کاریگەریی هیچ وڵاتێکدا نییە و سیاسەتیان لە ڕاستای بەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندایە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە" و جەختی کردەوە: "لەگەڵ هاوڕێکانمان گفتوگۆ دەکەین، بەڵام لەگەڵ دوژمنەکانمان بە شێوازێکی دوور لە توندوتیژی هەڵسوکەوت دەکەین".