کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەغدا هەمان تارانە

14:16 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژكاری سەربازیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە بەرگری لە بەغدا وەك بەرگری لە تاران وایە.

ڕۆژی دووشەممە پاسداری تێرۆریست "یەحیا ڕەحیم سەفەوی" ڕاوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری سەربازی ڕایگەیاندووە، بەرگری كردن لە بەغدا وەك بەرگری كردن لە تاران وایە و چارەنووسی عێراق و ئێران بەیەكەوە گرێ دراون.

ئەو پاسدارە تێرۆریستە ئەو قسانەی لە دیدار لەگەڵ "نەسر شەمەری" گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا گوتووە.

نوجەبا یەكێكە لە گرووپە میلیشیاكانی شیعە و بەهۆی نزیکییان لە ئێران، لە لایەن ئەمەریکاوە خراوەتە ناو لیستی تیرۆرەوە.

گروپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەردەوام زیاتر لە ناوەندەكانی بڕیار لە ئێران نزیك دەبنەوە.

قسەی ئەو کاربەدەستە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران هاوتەریبی قسەکانی ئاخوند "مەهدی تائیب" مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩١ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکارانی بەسیجی گوتی: "سووریە ٣٥مین پارێزگای ئێرانەوە؛ ئەگەر دوژمن بیهەوێ سووریە یا خوزستان بگرێت سووریە بۆ ئێمە گرینگترە".

ئەو قسانە دەرخەی ئەو ڕاستییە کە ئەو ڕێژیمەی لە ئێراندا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە هیچ باوڕێکی بە پاراستنی خاک و خەڵک نییە.