کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەفر و سەرما لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئازەربایجان تەنگی بە لێقەوماوان هەڵچینەوە

12:42 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە کەشناسی، هەواڵی بارینی بەفری لە ناوچە بوومەلەزە لێدراوەکانی ئازەربایجان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لێقەوماوان لەنێو خێوەتدا دەژین.


ئیدارەی کەشناسیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات رایگەیاندووە کە بارینی بەفر هەتا کۆتایی ئەم هەفتەیه درێژەی هەیه و پلەی گەرما زیاتر لەوەش دادەبەزێت.
هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردووەتەوە کە هەنووکە بارینی بەفر لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بەردەوامە و پلەی هەوا لەو ناوچانە گەشتووەتە ژێر سفر.
گەلاوێژی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،٢ پلە بە پێوانەی ریشتەر، شاری ئەهەر و بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوژمی ٦ پلە بە پێوانەی ریشتەر، شاری وەرزقانی لە پارێزگای ئازەربایجان رۆژهەڵاتی هەژاند.
لەم بوومەلەرزەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژران و نزیکەی ٥ هەزار کەسی دیکەش بریندار و هەزاران هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوون.
رۆژی ٢١ی خەزەڵوەر نوێنەری وەرزقان لە مەجلیس گوتی: لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکاندا خەڵک لە نێو خێوەت و بینا رووخاوەکاندا دەژین.
ئەڵڵا وەردی دێهقان، راگەیاندنی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە رووماڵ کردنی یەک لایەنەی رەوتی بووژانەوەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان تاوانبار کرد.
ناوبراو گوتوویەتی: زیاتر لە سێ مانگ لە بوومەلەرزەکە تێپەڕ دەبێت بەڵام هێشتا زیاتر لە ٦٠ گوند و شار لەهەر چەشنە پێڕاگەیشتنێک بێ‌بەشن.
مەرزیە وەحید دەستجیردی، وەرزیری بێهداشتی رێژیمی ئێرانیش گوتوویەتی: سەرما و تەنانەت کێشەی پێوەدانی ئاژەڵە دڕندەکانی ئەو ناوچە هەڕەشە لە ژیان خەڵک دەکات.
لێپرسراوانی رێژیم رایانگەیاندووە کە زیاتر لە یەک هەزار گوند لەم دوو بوومەلەرزەیەدا خەساریان وەبەر کەوتووە کە لەم نێوەدا ٢٠ گوند بە تەواوی خاپوور بوون و ١٣٠ گوندی دیکەش ٧٠% رووخاون.
لەم بوومەلەرزەیەدا زیاتر لە ١٧ هەزار یەکەی دانیشتن و ١٢ هەزار یەکەی ئاژه‌ڵداری خەساریان وەبەر کەوتووە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا چەندین راپۆرتی ئاگر کەوتنەوە لە ناوچە لێقەوماوەکان بڵاو بووەوە.

وێنه: مێهر