ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی بەفرانبار، ئاژانسی هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری هێزی دەریایی ئامریکاوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لە دەریای عەرەب بەلەمێکی تایبەت بە ماسیگیریی ئێران کە باری "هێرۆئینـ"ـی پێ بووە، دەستیان بەسەردا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشەیتێدپرێس" ئەم بەلەمە هەڵگری ٣٨٥ کیلۆگرەم "هیرۆئین" بووە کە بڕی نزیک بە ٤ ملیۆن دولاری ئامریکایی نرخی هەبووە.
"تیموتی هاوکینز" وتەبێژی ناوگانی پێنجەمی ئامریکا کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیرن، ڕایگەیاندووە کە ئەو بارەیان لەنێو بەلەمێکی ئێرانیدا گرتووە و هەر ٩ سەرنشینی بەلەمەکەش ئێرانی بوونه.
پێشتریش و لە چەندین ناوچە و وڵاتی جیاوازدا، پۆلیسی وڵاتانی دیکە چەندین بار لە مادە سڕکەرەکانیان کە لە ئێرانەوە نێردراوبوون، گرتبوو.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئیستا هیچ چەشنە دژکردەوەیەکیان لەهەمبەر ئەم هەواڵە دەرنەبڕیوە.