کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی‌ئێن‌ئێن: کۆماری ئیسلامی پلانی بۆ هێرشی شیمیایی بۆ سەر پایتەختی ئەمریکا داناوە

08:11 - 26 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی کاناڵی «سی‌ئێن‌ئێن» کە لە زاری حەوت بەرپرسی ئەمریکاییەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی پلاندانانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی شیمیایی بۆ سەر واشنگتۆن و هەروەها دژی هێزە ئەمریکاییەکانی جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

سی‌ئێن‌ئێن ڕایگەیاند کە ئەم زانیارییە نوێیانە باس لە داڕشتنی نەخشەی ورد دەکەن بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، هەرچەندە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەبارەی بوونی توانایی و هەوڵی ڕاستەقینەی تاران بۆ جێبەجێکردنی ئەم هێرشانە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پلانە زیاتر بۆ دەستەبەرکردنی بژاردەی جۆراجۆر لەژێر گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان و هێرشە سەربازییەکاندا ئەنجام دراون و مەرج نییە مانای نزیکبوونەوەی کاتی هێرشەکە بگەیەنن.

 لە بەرانبەردا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا لە لێکۆڵینەوەدان و نیگەرانیی لەبارەی نەبوونی کەرەستە و ڕاهێنانی پێویست بۆ هێزە ئەمریکاییەکانی ناوچەکە لە بەرانبەر هێرشی شیمیایی، بووەتە هۆی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی نائاسایی و هەوڵی خێرا بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی دیپلۆماتکاران.

کۆشکی سپی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە سەرەڕای چاوەدێریکردنی هەڕەشەکان، لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی باوەڕپێکراو دژی خاکی ئەمریکا بوونی نییە.

ئەم هۆشدارییە ئەمنییانە لە دۆخێکدا دراون کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لەوانە نێوەندگیریی پاکستان بۆ گەڕاندنەوەی تاران و واشنگتۆن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی کۆتاییهێنان به ململانێکان و گەمارۆی دەریایی، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

شارەزایان هۆشداری دەەن کە باڵی توندڕەوی ناوخۆی ڕێژیم لەوانەیە هەوڵی تێکدانی هەر رێککەوتنێک بدەن و بەردەوامیی شەڕ بە بەرژەوەندیی خۆیان بزانن.