کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بارەگایەکی کۆمەڵە لە ناوچەی بالیسان

08:16 - 26 خەزەڵوەر 2726

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕایگەیاند کە یەکێک لە بارەگاکانیان لە دۆڵی ئالانەی ناوچەی بالیسان لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵە، کاتژمێر ٢:٤٠ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هێرشە تێرۆریستییەکانیدا، بە دوو مووشەکی بالیستیکی دوورمەودا یەکێک لە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبەی لە ناوچەی بالیسان بۆردومان کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە سەلامەتن.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تاکوو ئێستا، بەردەوام بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج، کە لە ئاکامدا بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان ڕۆڵەی بەئەمەگی نیشتمان.