کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو نوێنەری خەڵکی تەورێز وتوویەتی، کێشەی ئێمە هاوسەرگیری نییە بەڵکوو هەژاری و بێکارییە

11:41 - 31 جۆزەردان 2722

"مەسعوود پزیشکیان" بەناو نوێنەری خەڵکی "تەورێز" لە مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە قسەکانی بەناو نوێنەری خەڵکی "ئیسفەهان" لە پەیوەندی لەگەڵ زۆربوونی حەشیمەت و هاوسەرگیریی کچە ئێرانییەکان لەگەڵ شیعەکانی وڵاتانی دراوسێیان وتوویەتی: "لە هەر دۆخێکدا ئەو نوێنەرە نابێ بەو ئەدەبیاتە قسە بکات، دەبێ بزانین لە بواری فەرهەنگییەوە چ سیاسەتێکمان پەیڕەوی کردووە کە وەها دۆخێک هاتووەتە پێشەوە".

ناوبراو زیادی کردووە: "هەروەها ژن و پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕێژەیان بەرابەرە، کەوایە چۆن دەڵێن کوڕەکانمان کەمترن؟! کێشەی لاوەکانی ئێمە هاوسەرگیری نییە بەڵکوو بێکاری، هەژاری، بێ خانوبەرەیی و نەبوونی متمانە بە داهاتوویە".

هەروەها "پزیشکیان" کە ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانیی مەجلسیشە لە درێژەدا وتوویەتی: "گرینگترین بابەت کە دەبێ وەکوو ڕێگاچارە چاوی لێ بکەین ئەوەیە کە لاوەکانمان لە پیشەیەک بە داهاتی گۆنجاوەوە دابمەزرێنین تاکوو بتوانن هاوسەرگیری بکەن و دواتر پێیان بڵێین منداڵتان ببێت".

ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە "ئەمیرحوسێن بانکی پوور" بەناو نوێنەری خەڵکی "ئیسفەهان" لە مەجلیسی ڕێژیم وتبووی: "بەهۆی کەمبوونی کوڕ لە ئێران، کچانی سەڵتی سەرووی ٣٠ ساڵ دەتوانن لەگەڵ شیعەکانی دراوسێمان کە لایەنگری ئێمەن و حەزیان لە ئێرانە هاوسەرگیری بکەن".