کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕەواییبەخشین بە کۆنگرەی چەواشەکارانەی خۆی لە شاری سنە، بە زەبری پارە و بە زۆرەملێ هونەرمەندانی کوردی ڕاکێشاوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەڕێوەبەرانی بەناو "کۆنگرەی مەشاهیری کورد"، بۆ ئەوەی بەزۆر ڕەوایی بەو کۆنگرەیە ببەخشن، بە پارە و بە ئیجبار هونەرمەندانیان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشت کردووە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە ئەو کۆنگرەیە تەنیا لە ڕوانگەی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بایەخی هەبووە و تەنیا خۆیان باوەڕیان بەو کۆنگرە پووشاڵییە هەبووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە یەکێک لە هونەرمەندانی کورد کە ناوی لای ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" پارێزراوە ، بە زەبری پارە و بەدانی بڕی ٧٠ میلیۆن تمەن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشت کراوە. هاوکات ئەو هونەرمەندە کورد باسی لەوە کردووە ئەو کۆنگرەیەی لەلا ئەو بێ بایەخ بووە و تەنانەت سیستمی دەنگیی خۆی وەک مایک و بڵندگۆ بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر بە بڕی ٢٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی ئیجارە لە ئیختیاری بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمەی داناوە.