کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەنداوسازییە هەڵەکان بە ئیزنی عیسا کەڵانتەری

12:56 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەنداوسازییە هەڵەکان لە ئێراندا بە ئیزنی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە و عیسا کەڵانتەری بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە جێبەجێ دەکرێت.

عیسا کەڵانتەری بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، لە لێدوانەکانیدا بە بەردەوامی باس لەوە دەکات، کە هۆکاری قەیرانی کەمئاوی و لەنیوچوونی ژینگەی ئێران، بەنداوسازی و بەڕێوەبەری هەڵەیە، بەڵام بۆ خۆی ئیزن بە بنداوسازی دەدات و لە بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانی بەشی ژینگەی ئێرانە.

چوارمەحاڵ و بەختیاری، یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە کە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی ئێران بەئەژمار دێت، بەڵام ئەو پارێزگایە تووشی قەیرانی کەمئاوی بووە و ژینگەی بەرەو لەنیوچوون دەڕوات.

لە نوێترین پرۆژە هەڵەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە، باس لەوە دەکرێت، کە عیسا کەڵانتەری ئیزن بە جێبەجێکردنی بەنداوی "خرسان" و تونلی"سەوزکوە" داوە، لە حاڵێکدا کە ئەو پرۆژانە لە ڕابردوودا بە هۆی ناکارناسانەبوون و خەسارگەیاندن بە ژینگەی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، ڕاگیراون.

پرۆژەی بەنداوی خرسان، سازکردنی چەندین بەنداوە لەسەر شاخەکانی ڕووباری کاروون بۆ دابینکردنی وزە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە و چەند هەزار گوند ناچار بە کۆچکردن دەبن و سەدان هێکتار لە لێرەوارەکانی زاگرۆس کە لە بواری لەوەڕگەیییەوە زۆر بەنرخن و هەروەها تاڤگەی "ئاتەشگا" کە درێژترین تاڤگەی ئێرانە لەنێو دەچێت.

هەروەها تونلی سەوزکوه کە بۆ گواستنەوەی ئاوی کاروون ساز کراوە، دەبێتە هۆی خەساری وێرانکەر لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە بەتایبەت تاڵاوی نێونەتەوەیی "چیاخور"، لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕیژیم، ئاوی ئەو پارێزگایە دەگوازێتەوە بۆ شارەکانی: کرمان، ڕەفسەنجان، یەزد و ئیسفەهان.

بەگشتی ئەو پرۆژانە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ژینگەی چوارمەحاڵ و بەختیاری بەتایبەت ڕووباری کاروون و کارناسانی ژینگە لەو باوەڕەدان کە جێبەجێبوونی ئەو پرۆژانە وا دەکات کە ژیان لەو ناوچانە بۆ دانیشتووانی دژوارتر بێت.