کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بەڕێوەبەریی هەڵە لە قەیرانی کۆرۆنادا جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم دەستی لەکار کێشایەوە

16:40 - 1 سەرماوەز 2720

''ڕەزا مەلەکزادە'' جێگری لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، سەڕەرای دەست لەکارکێشانەوەی خۆی، نامەیەکی ڕەخنەگرانەی توندی دژی ''سەعید نەمەکی'' وەزیری تەندروستی و ڕوانگەی ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا بڵاو کردووەتەوە.

مەلەکزادە لەو نامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەزەڵوەر بڵاو بووەتەوە، هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی خۆی بۆ بەڕێوەبەریی هەڵە لە پەتای کۆرۆنا، قسە نالۆژیکییەکانی وەزیری تەندروستی لەبارەی بەرهەمهێنانی واکسەنی کۆرۆنا و ئیدعا بێ بنەماکان لەسەر کاریگەریی دەرمانە گیاییەکان گەڕاندووەتەوە.

ناوبراو لە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕوو لە وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی کە بەڕێوەبەریی پڕ لە هەڵەی وەزیری تەندروستی لە ڕاوێژنەکردن و گرینگینەدان بە پێشنیار و هۆشدارییەکانی پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی تەندروستی سەرچاوەی گرتووە و ئەمە زیانی مرۆیی زۆری لە ئێران بەدواوە بووە.

هەروەها جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم یەکێک لە هۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی بۆ قسەی نالۆژیکی و سەرچاوەگرتوو لە پەلەپڕووزەیی وەزیری تەندروستی لە بابەت بەرهەمهێنانی واکسەنی دروستکراو لە ئێران گەڕاندووەتەوە کە هەتا ئێستا لە حاڵی تیپەڕاندنی قۆناغە سەرەتاییەکاندایە و وەزیری تەندروستی ئیدعای گاڵەگاڵکردن بۆ بەرهەمهێنانی ئەم واکسەنە بووە.

ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە وتوویەتی کە هەتا ئێستا بەڕێوەبەرانی باڵای کارگێڕیی ڕێژیمی ئێران ئەم ڕاستییە تاڵەیان قەبووڵ نەکردووە کە مەترسیی کۆرۆنا جیددیتر و بەربڵاوتر لەوەیە کە وێنای دەکەن و بەدوای ڕێگاچارەیەکی کورتماوە دەگەڕین.

لە سەرەتای تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران، بەهۆی گرینگی نەدان و بەڕێوەبەریی سەقەتی بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستا زیاتر لە ٨٥٠ هەزار کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.