کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکان، کچە قوتابییانی کورد واز لە خوێندن دێنن

16:20 - 15 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاریی پەروەردە و بارهێنان لە گوندەکانی کوردستان بەگشتی و بۆ قوتابییانی کچ بەتایبەتی، نیگەرانیی لێ کەوتۆتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، زۆرینەی گوندەکانی ناوچە کوردستانی ئێران وەکوو ئورمیە، سنـە، کرماشان و ئیلام لە سەرەتایی‌ترین خزمەتگوزارییەکانی خوێندن بەرین و بەو هۆیەوەشەوە ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر قوتابیی کورد واز لە خوێندن دێنن.
یەکێک لە باوترین کێشەی گوندەکانی کوردستان، نەبوونی فەزای ئامووزشی و بە تایبەت نەبوونی قوتابخانە لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی دایە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابی بەوهۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە و بنەماڵەی قوتابییانیش بەهۆی هەژاری و نەبوونی شوێن و کات توانایی ناردنی منداڵەکانیان بۆ شارەکانی دەوروبەر نییە.
دیاردەی دەست هەڵگرتن لە خوێندن لە نێوان قوتابیانی کچ زیاتر لە کوڕان بەرچاو دەکەوێ و ئەو مەسەلەیەش نیگەرانیی لێ کەوتۆتەوە.
لەو پێوەندییەدا دانیشتوانی گوندی کڵاشی هۆشێ سەربە ناوچەی کڵاشێی شارستانی جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، لە نەبوونی خزمەتگوزاریی ئامووزشی و بە تایبەت لە خزمەتگوزاریی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانە بەرین.
وەرگرتنی پارەی زۆەرەملی لە قوتابیانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆتە هۆی ئەوە کە قوتابییان دەست لە خوێندن هەڵبگرن و ئەوەش بۆ سیاسەتی سیستماتیکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەگەڕیتەوە کە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد کەڵکی وەرگرتووە و بە دابین نەکردنی ئیمکاناتی ئامووزشی، فەزای ئامووزشی و ... لەو ناوچانە لە هەوڵی نەخوێدوارکردنی خەڵک دایە.