لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، بەهۆی بارینی بەفری زۆر و هاتنی ڕنوو لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، زیاتر لە ١٥٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
پاش ٣ ڕۆژ بارینی بەفر لە پارێزگای گیلان، تەرمی ژنێکی لاو و کوڕەکەی لە ڕشتەڕوود سەر بە شاری ڕوودبار، لەژێر ڕنوو دۆزرانەوە، بەو پێیە ٧ کەس بەهۆی ڕنوو و ٣ کەسیش بەهۆی داڕووخانی خانوو لەبەر بارینی بەفر، گیانیان لەدەست دا.
"ئیرنا" لە زاری "پەیمان ئەسەدی"، بەرپرسی بەڕێوەبەری ڕووداوەکان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ١٠ هاووڵاتی و برینداربوونی ١٤٥ هاووڵاتیی دیکە کە لە ماوەی ئەو ٣ ڕۆژەدا بەهۆی بارینی بەفر گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون، پشتڕاست کردەوە.
بارینی بەفر لە پارێزگای گیلان لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ ڕێبەندانەوە هەتا ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕێبەندان بوو بەهۆی پچڕانی ئاو و کارەبا و هەروەها داخرانی ڕێگاکانی هاتوچۆی گوندەکانی ئەو پارێزگایە.