کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین نرخی بەرمیلێک نەوت لە ١١٠ دۆلار تێپەڕی

11:29 - 11 رەشەمه 2721

لە درێژەی گرژییەکان و بەهۆی هێرشی "ڕووسیە" بۆ سەر"ئۆکراین"، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٤.٨٨ لەسەد بەرزبوونەوە گەیشتە ١٠٠ دۆلار و ٩ سێنت.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی سوکی ئامریکا بە گەشەی ٥.٠٦ لەسەدی، هەتا ئاستی ١٠٨ دۆلار و ٦٤ سێنت بەرز بووەتەوە.

هاوکات "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا لە وتووێژی ساڵانەی وڵاتەکەی و لە کۆنگرەدا وتوویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ٣٠ وڵاتی دیکە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە تا ٦٠ ملیۆن بەرمیل لە پاشەکەوتی ستراتیژیکی نەوت لە سەرتاسەری جیهان ئازاد بکرێت".

لە درێژەی گوشارەکانی جیهان بۆ سەر ڕووسیە، ڕۆژی یەکشەممە "کانادا" وەکوو یەکەمین وڵات هاوردەکردنی نەوتی خاوی لە ڕووسیە قەدەغە کرد، بەڵام هەتا ئێستا وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایی پشتگیرییان لەو هەوڵەی "کانادا" نەکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاڤۆکی "فۆربز" لە ئێستادا کێشە لە هەناردەکردنی نەوتی "ڕووسیە" بۆ بازاڕەکانی جیهانی دەبیندرێت.

هاوکات لێکۆڵەران لەگەڵ ئاماژەدان بەوەیکە "ڕووسیە" گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان و گەورەترین بەرهەمهێنەری گاز لە ئورووپایە، هۆشدارییان داوە کە ئەگەر گرژییەکانی نیوان ئەو دوو وڵاتە درێژە بکێشن لەوانەیە لە بازاڕەکانی جیهانی وزەدا کڕیاران تووشی ڕاچەڵەکان ببن.