کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هەڵکشانی نرخی خۆراک لە ئێران نەخۆشخانە، پادگان و بەندیخانەکان تووشی کێشە بوونە

18:41 - 25 جۆزەردان 2722

ڕۆژنامەی "ئیعتماد" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە نەخۆشخانە، پادگان، زیندانەکان و ناوەندی ڕاگرتنی منداڵان و شوێنی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەهۆی بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی خۆراک لە ئێران تووشی کێشەی دابینکردنی خۆراک بوونە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "لە ماوەی حەوتووەکانی داهاتوودا دابینکردن و دابەشکردنی خۆراک نەک تەنیا لە نەخۆشخانەکان بەڵکوو لە شوێنەکانی دیکەش وەکوو پادگانەکان، بەندیخانەکان، ناوەندی ڕاگرتنی بەساڵاچووان و منداڵانی بێ سەرپەرەست، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و تەنانەت قوتابخانە شەو و ڕۆژییەکان و خەوتنگەکانی خوێندکارانیش لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە''.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها لە زاری بەڕێوەبەرێکی نەخۆشخانەی تایبەت نووسیویەتی: "بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی خواردەمەنی بە ڕادەیەک کاریگەری لەسەر چۆنییەتی چێشتەکانی نەخۆشخانە داناوە کە لەوانەیە لەمەودوا چێشتی گەرم لە نەخۆشخانە تایبەتی و دەوڵەتییەکان بسڕێتەوە".

هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری کەرەستەی خواردەمەنی و شتوومەکە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێران و کوردستان، بنەماڵەکانیشی تووشی کێشە کردووە و بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژەی تاوانەکان لەوانە دزی ڕوو لە زیادبوون بکات.