کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، بارودۆخی دارستانەکانی زاگرۆس بەرەو خراپی دەڕوات

13:01 - 4 گەلاوێژ 2722

بەشێک لە دارستانەكانی زاگرۆس لە پارێزگای "كۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەد" بەهۆی دوو زیندەوەری کرمی چەکەرەخۆر و پەپوولەی سپی گەڵاخۆری داربەڕوو، بەرە بەرە بەرەو لەنێوچوون دەچن.

کۆی گشتیی ٦٠ هەزار هێکتار لەو دارستانانە جگە لە وشکەساڵی کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی ئەو دوو جۆر کرمەوە.

دارستانەکانی "زاگرۆس" بە پانایی زیاتر لە پێنج ملیۆن هێکتار یەکێک لە باشترین و گرینگترین دارستانەکانە کە لە ساڵەکانی ڕابردوودا داربەڕووەکانی بەهۆکاری وەکوو کەڵکوەرگرتن لە زەوی، بڕینی دارەکان، ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست و هەروەها جۆرە جیاوازەکانی پەتا تووشی  لەنێوچوون بوون.

پێشتریش شارەزایانی ژینگە سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لە دارستانەکانی زاگرۆس هۆشدارییان دابوو.

دارستانەکانی زاگروس یەکێک لە سامانە سروشتییە گشتییەکان بە ئەژمار دێن کە وەکوو سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە بوون و نەبوونیان بۆ بەرپرسانی ڕێژیم گرینگ نییە و یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی زیندووهێشتنەوەی خاک و کەشوهەوای ناوچەکە و گیانلەبەرە زیندووەکانی نێو ئیکۆسیستەمەکەیە کە لە ئێستادا سمۆرەکانیشی قاچاخ دەکرێن.