کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گرانی، شیر لە سەبەدی غەزایی بنەماڵەکان لابرا

18:43 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی هەژاریی بنەماڵەکان لە ئێراندا، بەکارهێنەرانی شیرەمەنییەکان، کەم بوونەتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی زانستیی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی خواردن و پیشە خۆراکییەکانی ڕێژیم، لە پەیوەندی لەگەڵ بەکارهێنانی شیرەمەنی و بەتایبەتی شیر لە لیستی خواردنی بنەماڵەکانی ئێراندا، وتوویەتی:  "شیر لە سەبەدی غەزایی زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئێراندا نییە و ئەگەر چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزرێتەوە ، لە ١٠ هەتا  ٢٠ ساڵی داهاتوودا شاهیدی  بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە نەخۆشینگەلێکی وەک پووکانەوەی ئێسک، ڕاشیتیسم و باڵاکورتیی منداڵان دەبین."

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "هەر کەسێک لە تەمەنی نێوان ١٨ هەتا ٥٠ ساڵیدا، دەبێت مانگانە ٨ لیتر شیر، ٣ کیلۆ ماست و نزیکەی نیو کیلۆ پەنیر بخوات. بەڵام بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەکارهێنانی شیرەمەنی بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو،  ٢٥ لەسەد دابەزیوە."

زۆرێک لە کارناسانی خۆراک، هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە بۆ دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان و هەروەها بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ڕۆنی پاڵم لە شیر و باقیی بەرهەمە شیرمەنیییەکان لە لایەن کارخانەکان، گەڕاندووەتەوە.

سەرەڕای دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان، بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاری و تێچووەکانی ژیان، ڕێگەی لە بەردەم چەندین جۆر کاری نایاسایی و دوور لە پەرنسیپە مرۆییەکان خۆش کردووە، بە شێوەیەک زۆرێک لە کارخانەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشتنیان، لە بەرهەمهێنانی بابەتە شیرەمەنییەکان، لە جێگای ڕۆنی ئاژەڵی لە ڕۆنی پاڵم کەڵک وەردەگرن. ڕۆنی پاڵم پێک دێت لە ئەسیدەکانی چەوری و گلیسرۆل.

بە وتەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەکارهێنانی پاڵمتیک ئەسید، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و ڕێڕەوەکانی هەناسەدان بەرزدەکاتەوە.