کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە ئێران ناتوانێت لەگەڵ وڵاتانی تر ئاڵوگۆڕی کاڵا بکات

12:36 - 29 رێبەندان 2720

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە بەرق هەناردەی پاکستان بکات و لە بەرامبەردا برنج هاوردە بکات، بەڵام ئێران بەهۆی گەمارۆوە بانکییەکانی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە ناتوانێت ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا بکات.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، ''مەسیح کشاوەرز'' بەرپرسی ئەنجومەنی هاوردەکردنی برنجی ئێران وتوویەتی، بابەتی گۆڕینەوەی بەرق لەگەڵ برنج لەنێوان ئێران و پاکستان هەروا لە ئاستی پێشنیاردا ماوەتەوە و گرینگترین کێشە کە هەمان هاوکارینەکردنی بانکەکانی پاکستانە، وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، شیرکەتگەلێک هەن کە ئامادەن وەکوو دەڵاڵ لە ئێران بەهای کاڵاکان بە ڕیال وەربگرن و لە پاکستان بە ''ڕووپییە'' کەلوپەل بکڕن، بەڵام جێگای متمانە نین و هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی پارەی بازرگانان نییە.

''کشاوەرز'' باسی لەوەش کرد، لە دۆخی دژواری گەمارۆکاندا ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کالا بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک تەنیا بژاردەیە کە دەبێ هەنگاوی بۆ هەڵبگرین.

ڕێژیمی ئێران پێش لە گەمارۆی بانکەکانی، ٣٥ لەسەدی برنجی خۆی لە هیندەوە هاوردە دەکرد، بەڵام دوای گەمارۆکانی ئامریکا و بەهۆی کێشە بانکییەکانی، هاوردەکردنی برنج لەو وڵاتەی ڕاوەستا و بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایە ڕووی لە پاکستان کرد.