کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی بەراوردەکانی بانکی جیهانی، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵە دەستکورتەکانی ئێران درێژەی دەبێت

10:50 - 5 بانەمەڕ 2721

بەپێی دوایین بەراوردەکانی بانکی جیهانی، دوورەدیمەنی ئابووریی ئێران پێوەندیی بە دۆخی نەخۆشیی کۆرۆنا و خێرایی باشبوونی ئابووریی جیهانی هەیە.

بەپێی پێشبینیی بانکی جیهانی، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بە شێوەی نێوەنجی لە سەرەوەی ٢٠ لەسەد بەراورد دەکرێت و بە درێژەی بەربەستە ماڵییەکان و بەرزیی هەڵاوسان، گوشاری ئابووری لەسەر بنەماڵە دەستکورتەکان درێژەی دەبێت.

چەندین ساڵ گەمارۆ و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، گوشارەکانی لەسەر ئابووریی ئێران بەرز کردووەتەوە و گوشاری ئابووری بە دوای دابەزینی داهاتی نەوت و تێچووی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی قەرزەکانی ئێران.

پارەکانی ئێران کە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا ڕاگیراون، دەستپێڕاگەیشتنی زۆر دژوار کردووە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە پارەی ئێران بایەخی خۆی لەدەست بدات و نرخی هەڵاوسان هەڵکشێت.

هەروەها بێکاریی سەرچاوەگرتوو لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا و هەڵاوسانی زۆر بووەتە هۆی خراپتربوونی ئاستی خۆشبژێویی بنەماڵەکان.

سەندوقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتی خۆیدا پێشبینیی کردبوو کە نرخی هەڵاوسان لە ئێران لە ئەمساڵدا لە ٣٦.٥ لەسەد دەگاتە ٣٩ لەسەد.

ئەم سندوقە لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا، گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩، مەنفی ٥ لەسەد پێشبینی کردبوو. هەروەها پێشتریش گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨ مەنفی ٦ و مەنفی ٦.٨ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

لەم دواییانەدا بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، نرخی هەڵاوسان لە هەموو ڕەهەندکانیەوە لە یەکەمین مانگی ئەمساڵدا هەڵکشانێکی بەرچاوی هەبووە. بەم پێیە لە خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی هەڵاوسانی مانگانە ٢.٧ لەسەد، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ ٤٩.٥ و هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٣٨.٩ لەسەد.