کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێی بەڵگەیەکی زۆر نەهێنی، شیمانە دەکرێت کە ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە ئێران بێتە ئاراوە

10:52 - 13 رێبەندان 2721

بەپێی بەڵگەیەکی زۆر نەهێنی کە لە کۆبوونەوەی "پێشگیری لە قەیرانی ئەمنییەتیی بژێویی بەردەوام" بڵاو بووەتەوە، سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران زۆر نزیکە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ لەسەد بەرزبوونەوەی هەبووە.

ئەو بەڵگەیە کە لەلایەن گرووپی سایبێریی "عیداڵەتی عەلیـ"ـیەوە دراوە بە "ڕادیۆ فەردا"، نووسینەکەی بەگشتی حەوت لاپەڕەیە و لە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە "قەرارگای ساروڵڵا" کۆبوونەوەی لەسەر گیراوە.

ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی پاسداری تێرۆریست "حوسێن نەجات" فەرماندەی ئەو قەرارگایە بەڕێوە چووە. هەروەها نوینەری دادستانی تاران، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی تاران، پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتیی گشتیی ناجا، ئیتلاعاتی ئابووریی بەسیج، سپای حەزرەتی سەیدولشوهەدا، سپای حەزرەتی ڕەسوولڵا، بەسیجی ئەسناف و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.

"قەرارگای ساروڵڵا"ی سپای پاسداران، ناوەندی سەرەکی و بەرپرسی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێرانە.

"محەممەدی" کە یەکێک لە جێگرانی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی سپایە و لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە، باسی لەوە کردووە: "بارودۆخێک لەنێو کۆمەڵگەدا هاتووەتە ئاراوە کە دەرخەری ئەوەیە کۆمەڵگە لە حاڵی تەقینەوەدایە و لەوانەیە بەو زووانە ڕاپەڕینی سەرتاسەری بە دژی دەسەڵاتی ئێران بێتە ئاراوە".