ئەژین بەهرامی
بەڕێوەبردنی هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکانی زانستە مرۆییەکانە کە هەر لە سەرەتاکانی دروستبوونی زانستی مرۆیی و دروستبوونی رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکاندا لە لایەن گەورەبیرمەندانی زانستی بەڕێوە بردنەوە، تیئۆری و بۆچونی جیاوازی لەسەر پیادە کرا.
لە راستیدا ئەم بابەتە کاتێک بەروونی دەرکەوت و هەستی پێکرا کە رەخنەکان لە تیئۆری تەیلۆر گیرا.
تیئۆری تەیلۆر کە بە ناوی تیئۆری بەڕێوەبردنی زانستی دەرکەوت چی بوو؟
"بەڕێوەبردنی زانستی تیئۆرییەکی عەقڵانی ومەنتقییە. بەپێی ئەم تیئۆرییە تاکەکان بە تایبەتی لە رێگای پاداشتی ئابوورییەوە هەڵدەبژێردرێن و رێڕەوی بەرەوپێشچونیان بەرەو باشتربوون دەڕوات".
ئەم تیئۆرییە وەک لە نێوەڕۆکەکەیدا دیارە هەموو تیشک و وزەی خستووەتە سەر باشکردنی بەرهەم و زیادکردنی لە رێگای کەڵکوەرگرتن لە فێرکردنی زانستیانەی کرێکارەکان بۆ بەرەوپێشچوونی باشترکردنی کارەکان، هەروەها هۆگرکردنی کارەکان بۆ بەردەوامی بە کارکردن لە رێگای زانستیانە.
ئەم تیئۆرییە هەر زوو لە لایەن بیرمەندانی ترەوە رەخنەی لێگیرا.
رەخنەکان لە تیۆری تەیلۆر چی بوون؟
١. لەبەرچاونەگرتنی خواست و ویستە راستەقینەکانی تاکەکان.
٢. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تاکەکان هاوشیوەی رەفتارکردن لەگەڵ ماشین
پاش دەرکەوتنی ئەم رەخنانە، قوتابخانەیەكی نوێ لە زانستی بەڕێوەبردندا سەری هەڵدا کە بە "قوتابخانەی پەیوەندی مرۆیی" ناسرا. ئەم قوتابخانەیە پێداگری لەسەر هاوکاری کردنی کرێکاران یان تاکەکان دەکرد و گرینگیدان بە باری جەستەیی و دەروونی تاکەکانی رێکخراو.
بەم پێشەکییەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوەێ کە دوو بەرە لە دنیای بەڕێوەبردندا هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا بوونی هەیە کە تا رادەیەک دەتوانین بڵێین لە هەڵبژاردنی رێگاکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانج جیاوازن.
هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی بەم جۆرە پێناسە دەکرێ :
بابەتێکی توێژینەوەییە کە کاریگەری تاکەکان و کۆمەڵە و هەیکەلی رێکخراو لەسەر کرێکارەکان یان ئەو کەسانەی کە لە رێکخراوەکەدا کار دەکەن دەخاتە بەر توێژینەوە و هەڵسەنگاندن.
روانگەی هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی نوێ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاکەکانی رێکخراو زۆر ئاڵۆزن و بۆ تێگەیشتن لێیان، پێویستە کەڵک لە پەروەردەیەکی ئەزموونی وەربگیردرێ.
ناسین و بەکارهێنانی هەڵسوکەوتی دروست، ژینگەی رێکخراو بەهێزتر و سەرنجراکێشتر دەکات و رێژەی بەرهەمهێنانیشی زیاد دەکات.
کەواتە لێرەدا سێ رەهەندی سەرەکی بەڕێوەبردن بە بایەخدان بە هەڵسوکەوتی رێکخراوەییەوە دەردەکەوێ:
رەهەندی فەننی: کە خۆی لە ئاستی زانیاری و رێگا زانستییەکان لە ئەنجامدانی کاردا دەبینێتەوە.
رەهەندی مرۆیی: کە خۆی لە هێزی تێگەیشتن و هاوکاری کردنی خەڵک لە رێگای خۆیانەوە.
رەهەندی تێگەیشتن: کە ئەمیش ناسینی گرێیەکانی رێکخراوەکەیە و تێگەیشتن و دەرک کردنی هۆکاری دروستبوونی کێشەکانە.
کاتێک هەست بە بوونی کێشە و گیروگرفت دەکرێت لە رێکخراوێکدا کە ئەو رێکخراوە بۆ ماوەیەکی بەردەوام لەسەر یەک ئاستی بەرهەمهێنانی روو لە کەمکردن یان راوەستان بێت، یان لە گەیشتن بە ئامانجەکانی سست ببێتەوە.
ئەگەر بمانەوێ تیشک بخەینە سەر هۆکارە نێوخۆییەکانی ئەم بەرهەم کەمبوونە کە پەیوەندیدارە بە تاکەکانی نێو رێکخراوەکە دەتوانین هۆکارەکانی کەمبوونی بەرهەم و لاوازبوون لە گەیشتن بە ئامانج لەم خاڵانەی خوارەوەدا پێناسە بکەین :
١. ترس لە بێکار بوون.
٢. ترس لە بردنە سەرەوەی ستاندارد
٣. پارێزگاری کردن لە کرێکارانی تەنبەڵ
٤. بە دەستهێنانی دڵی بەڕێوبەران
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان بەبەراورد لەگەڵ هۆکارە مادی و ئابوورییەکان کاریگەری زیاتریان لەسەر تاکەکان هەیە و بە گشتی هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی خۆی لە دوو بەشدا دەبینێتەوە:
یەکەم / هەڵسوکەوتکردنی تاکەکانی نێو رێکخراوێک لەگەڵ یەکتر کە لە یەک پلەو پایەی رێکخراوەییدا بن یان نزیکبن لە یەکتر.
دووەم/ هەڵسوکەوتکردنی رێبەر یان بەڕێوبەرانی رێکخراوێکە لەگەڵ تاکەکان.
لە هەردووجۆری پەیوەندییەکاندا کەموکوڕی دەردەکەوێ کە خۆی لە نەبوونی پەیوەندییەکی نزیکی هاوکارانە و دۆستانەدا دەبینێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ناراحەتی و دڵتەنگی تاکەکانی نێو رێکخراو کە وادەکات زەوق و وزەیان بۆ کارکردن کەمتر ببێتەوە و هەست بە بوونی ژینگەیەکی خەماوی بکەن. ئەم راستییەش دەتوانین بەپێی تیئۆری کۆمەڵناسی مانگاکان بسەلمێنین
بسەلمێنین کە دەڵێت : « مانگا خۆشحاڵەکان شیری زیاتریان هەیە».
بۆچێ ئەوڕۆ کێشەکانی هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی زۆر بەرچاو بوون و هەڵسوکەوتی رێکخراوەیی بۆتە دیاردەیەک کە زۆرێک لە رێکخراوەکان بە دەستیەوە دەناڵێنن و بە جۆرێک وەک سەرەکیترین بەربەستی بەرەوپێشنەچوون لە رێکخراوەکاندا باسی لێوە دەکرێ؟
ئەگەر رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بە نمونە وەربگرین بۆ بەرچاوروونی ئەم پرسە دەتوانین تێبینی هۆکاری دروستبوونی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بکەین.
تێڕوانینێک لە هەڵسوکەوتی رێکخراوەییدا هەیە کە پێی دەڵێن چوارچێوەی ناسێنەر کە ئەم چوارچێوەیە پێداگری دەکات لەسەر مافە رەواکانی مرۆڤ واتە تاکەکانی نێو رێکخراو لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێویستە هەموو مافە رەواکانیان وەک مرۆڤێک و تاکێکی سەربەخۆ پارێزراو بێت و ئازاد بن لە دەربڕینی بیروبۆچونی کەسیەتی خۆیان بە بێ گوێدان بە پڕەنسیپەکانی رێکخراوەکە.
بە جۆرێکی دیکەش دەتوانرێ بگوترێ کە ئەم تێروانینە پێی وایە کە پێویستە پڕەنسیپەکانی رێکخراوەکە بە پێی بنەماکانی مافی مرۆڤ و رەهایی بەخشین بە تاکەکان بنیاد بنرێ.
لە بەرانبەر ئەم تێڕوانینەدا چوارچێوەیەکی تر هەیە کە بە چوارچێوەی هەڵسوکەوتکردن پێناسە دەکرێ کە پێداگرە لەسەر هەڵسوکەوتکردنی تاکەکان لە رێکخراودا و پەیڕەوکردنی هەموو پڕەنسیپ و رێساکان کە ئەو رێکخراوە دیاری کردووە بە گرینگیدان بە ژینگەی هەڵسوکەوتکردنی تاکەکان و لەبەرچاوگرتنی بیرو بۆچونەکانیان، هەروەها ئەم بیروبۆچونە پێی وایە کە ئیجرائیات لە رێکخراودا رۆڵی سەرەکیان لە هەڵسوکەوتی رێکخراوەییدا دەبێت.
ئەگەر لەم دوو روانگەی سەرەوە بڕوانین هەست بە بۆشاییەک دەکەین کە بۆتە هۆی لێک نەبەستنەوەی ئەم دوو تێڕوانینە بە یەکتر کە بە بڕوای نووسەر بریتییە لە دوو بنەما.
یەکەم، لەبەرچاونەگرتنی ئەو ژینگەیەی کە رێکخراوەکە تێیدایە، بەو واتایەی رێکخراو دەتوانێ لە دۆخێکی نالەباری ژینگەیی لە روو جوگرافی یان سیاسیدا بێت کە ناچار بە دیاریکردنی هێندێک پڕەنسیپ و رێنمایی و رێسا بێت کە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پێویستە لە رێکخراوەکەدا پیادەی بکات.
دووهەم، شێوازی ئەو چالاکییانەی کە رێکخراوەکە دەیگرێتە بەر کە ئەمەشیان پێویستی بە تاکتیک وستراتیژی دریژخایەن و کورتخایەنی جیاواز هەیە و دەتوانێ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک بەردەوام هەڵسوکەوتە رێکخراوەییەکانی بگۆڕێ و پێویستی بە دۆخی هەستیار و پەیرەوکردنی زۆر پرەنسیپ بێت کە تایبەتن.
لێرەدا رۆڵی کارەکتەرێکی گرینگ دەردەکەوێ بۆ دروسکردنی گونجاندنێک لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا کە ببێتە هۆی پێکهێنانی هەڵسوکەوتێکی رێکخراوەیی دروست و لەبار کە ئاستی بەرهەمهێنانی رێکخراو یان گەیشتن بە ئامانجەکانی زیاد بکات.
ئەگەر پێناسەیەک لە رێبەری بکەین بەپێی زانستی بەڕێوەبردن ئەوا دەتوانین بڵێین:
"رێبەری پڕۆسەی ئاوێتە بوونە لەگەڵ تاکەکان بە شێوەیەک کە بتوانێ بە تامەزرۆیی و پێداگری تەواوەوە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی رێکخراو بدات".
ئێمە لێرەدا ناچینە سەر تایبەتمەندییەکانی رێبەری و ئەرک و وەزیفەکانی، بەڵکوو کەڵکوەرگرتن لەم پێناسەیە وەک پەیوەندی رێبەری و تاکەکانی رێکخراو هەروەها چۆنیەتی لێک بەستنەوەی ئەو دوو تێڕوانینەی کە لەسەرەوە باسمان کرد.
روانینی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی دەتوانێ چارەسەرێکی گونجاو بێت بۆ لێکتەگەیشتن لە نێوان تێڕوانینی رەهای تاکەکانی رێکخراو لەگەڵ پرەنسیپە دانراوەکانی رێکخراو کە ئەوەیش لە پێکەوەهەڵکردنی بەردەوام لە نێوان رێبەری و بەدەنە کە بە ناسینی رێبەر و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ شوێنکەوتووانی گۆڕانخواز ببێتە هۆی هەڵسوکەوتێکی شیاو خۆی دەبینێتەوە.
گرینگە کە رێبەری بتوانێت بەردەوام بەرچاوڕوونی بدات بە تاکەکان لەسەر تاکتیکەکان و ستراتیژییە کاتی و درێژماوەکانی خۆی هەروەها ئاشناکردنی تاکەکان بەو پرەنسیپە و رێسایانەی کە بۆ رێکخراو دانراوە بە شێوەیەک کە تاکەکانی رێکخراو بە پرەنسیپەکان نامۆ نەبن و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەست بە پرەنسیپەکان نەکەن بەڵکوو بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن رێبەرییەوە چەندوچۆنی ئەو پرەنسیپانە شی بکرێتەوە تا تێگەیشتنیان بۆ تاکەکان ئاسان بێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین بەڕێوبەران بە گرتنەبەری هەڵسوکەوتێکی گونجاو کە تێیدا گرینگی بە ژینگە و ماندووبوونی تاکەکان بدات و بتوانێت لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سەردەم ئاستی زانیارییەکان لە رێکخراوەکەیدا پەرە پێبدات هەروەها دروستکردنی کەشێکی تەندروستی کۆمەڵایەتی لە رێکخراودا و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان رێبەری و تاکەکاندا، کێشەکانی هەڵسوکەوتی رێکخراویی کە کاریگەرن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەم چارەسەر بکات.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.