کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە‌چوونی سمیناری ئامادەکاریی بۆ چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچەی کوردستان

17:34 - 24 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، بە بەشداریی ٥٠ ئەندام لە هەر بەشێکی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سمیناری ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەرچوار بەشی کوردستان به بەشداریی زۆربەی رێکخراوەکانی لاوان لە هەر بەشی کوردستان، رۆژی یەکشەممه رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، به مەبەستی هەرچی زیاتر ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی کاروبارەکانی پێوەندیدار بە ئامادەکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری هەموو لایەک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەو سمینارەدا \'\'جەلال رەوانگەرد\'\' وتەبێژی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران بۆ چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان، بەرنامە و پڕۆژە و ئامادەکارییەکانی لیژنەی رۆژهەڵاتی پێشکەش کرد.

خستنەڕووی پێشنیارەکان و دەرەنجامی سەردانەکانی رێکخراوەکانی لاوانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن لیژنەی لاوانی رۆژهەڵاتەوە لە بەشێکی ئەو سمینارەدا تاوتوێ کرا و دواتر لە بەشێکی دیکەدا لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانس هەڵبژیردرا و کات و شوێن و رێژەی ئەندامانی کۆنفڕانس دیاری کرا.

پەسندکردنی سیستەمی کۆتای ٤٠% بۆ رەگەزی بەرانبەری ئەندامانی بەشداربووی کۆنفڕانس بەشێکی دیکەی کارەکانی ئەو سمینارەی لە خۆ گرتبوو.

لەم سمینارانەدا ئەم خاڵانە پەسند کران:

ــ کۆنفڕانسەکە لە نیوەی یەکەمی مانگی ٦ی زایینیدا بەڕێوە دەچێ

ــ شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکه هەڵەبجەی شەهید دەبێ

ــ بەشداربوان به کچ و کوڕەوه پێویسته لەو رۆژەدا جلی کوردی لەبەر بکەن
ــ تەمەنی بەشداربوان ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ بێ

ــ ماوەی کۆنفڕانسەکە ٢ رۆژ دەبێ

ــ بۆ هەر پارچەیەک ٥٠ کەس ئەندام لەبەر چاو گیراوە

ــ سیستەمی کۆتای ٤٠% بۆ رەگەزی بەرامبەر رەچاو دەکرێ

ــ تەوەرەکانی کۆنفڕانس بۆ هەر پارچەیەک باسێک دەبێ لەسەر

بارودۆخی لاوانی ئەو پارچەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات