کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی تەشکیلاتی لە وڵاتی دانمارک

15:35 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ شیلەند، سیمینارێکی تەشکیلاتیی بۆ ئەندامانی ئەو حیزبە لە وڵاتی دانمارک پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ شیلەند، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بەشداریی شاهۆ حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو حیزبە، سیمینارێکی تەشکیلاتی و گشتیی بەڕێوەبرد.

سەرەتای سیمیارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی سەرجەم کورد و کوردستان، دەستی پێکرد.

پاشان شاهۆ حوسێنی باسێكی لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی کورد و رەوشی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.

حوسێنی لە وتەکانی خۆیدا وێڕای شیکردنەوەی ئەو بارودۆخە نوێیە، جەختی لەسەر بەردەوام بوون بە کار و خەباتی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و بەتایبەتی حدکا و ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەدا کرد.

لەو سیمینارەدا ئامادەبوان کۆمەڵێک پرسیارن ئاراستەی حوسێنی کرد و لەلایەن ناوبراووە وڵامی پرسیارەکان درایەوە.

بەشی دووهەمی کۆبوونەوەی ئەو سیمینارە لەسەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو بەشە لە کۆبوونەدا، شاهۆ حوسێنی لەسەر رەوشی ئێستای كورد بەگشتی و بە تایبەتی بارودۆخی ئێستای ئێران و ھەروەھا كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم خەباتی كورد لە كوردستانی رۆژھەڵات تاوتوێ كرد.

ناوبراو ھەر لەو پێوەندییەدا بە وردی تیشكی خستە سەر ھێزەكانی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بە تایبەتی ھێزەكانی سەرانسەریی سەر بە نەتەوەی فارس، وتی: تەنیا خاڵی وەک یەكی ھەموو ئەو ھێزانە بە چەپ و راست و سەڵتەنەت تەڵەب ئەوەیە كە بە ھیچ شێوەیەک حازر نین دان بە مافی كورد دابنێن و وەک رێژیمی ئیسلامی ھیچ مافێک بۆ نەتەوەكانی ئێران بە رەوا نابینن.

لە کۆتایی ئەو سیمینارەدا بەشداران و نوێنەرانی ھێزە سیاسییەكان پرسیاریان لەسەر خەباتی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران و سیاسەتەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئاراستەی شاهۆ حوسێنی کرد و ناوبراو بە وردی وڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە.