کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی لە بانەدا

12:02 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە شاری بانە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ، بە بەشداریی سەدان کەس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە شاری بانە، بە بۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی زمانی دایکی بەڕێوە چوو، لەو ڕێوڕەسمەدا سەدان کەس خەڵکی شاری بانە و شارەکانی دیکە و هونەرمەندان و شاعێران و مامۆستایانی زمانی کوردی بەشدارییان کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە، سەرەتا بە بڵاوکردنەوەی سروودی نیشتمانیی تایبەت بەو ڕۆژە و دواتر بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی دەستی پێ کرد و دواتر بە بڵاوکردنەوەی کلیپی تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمەکە بەشکۆیەکی زیاترەوە درێژەی هەبوو.

لە درێژەدا کۆمەڵێک باسی پێوەندیدار بە گرینگی زمانی دایکی پێشکەش کرا و بە بڵاوکردنەوەی سروودی نیشتمانی، ڕێوڕەسمەکە لە کەشێکی تەواو کوردانەدا درێژەی بە کارەکەی دا.

لە بەشەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بە هەڵکردنی دروشمگەلێک وەکوو "خوێندن بە زمانی دایکی مافی هەر مرۆڤێکە"، "ڕۆژی زمانی دایکی پیرۆز بێت"، دەنگ و داخوازیی خۆیان بۆ داوای نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی دەربڕی.

هەروەها لە درێژەدا بە پێشکەشکردنی حەیران و بەڕێوەبردنی شانۆ و کێبڕکێ ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی زمانی دایکی هەروەها لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە بەشداریی مامۆستایان و قوتابییان بەڕێوە چوو.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ گرینگیدان و گەشەی زیاتری زمانی کوردی، چەندین ڕێکخراوە و دامەزراوە بۆ فێرکردنی زمان و کولتووری کوردی دامەزراون و بە شێوەی خۆبەش کار لە پێناو زیندوومانەوەی کولتوور و زمانی کوردی دەکەن.