کوردستان میدیا: ئاکادیمیای سیاسەت و هزری دێموکراسی کۆنفڕانسێکی لە ژێر ناوی "کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ناوچەکەدا" لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد.
ئاکادیمیای سیاسەت و هزری دێموکراسی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٥ی ئێوارە، لە شاری سلێمانی سێیەمین کۆنفڕانسی خۆی بەناونیشانی "کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ناوچەکەدا" بە ئامادەبونی بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب، ڕێکخراوەکان، مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی ئاکادیمی هەرچوار بەشی کوردستان بەڕێوە برد.
کۆنفڕانسەکە لە سێ پانێلدا بەڕێوە چوو: پانێلی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ ۱ـ فاروق ڕەفیق، نووسەر بابەتێک بە ناوی ئەفسانەی نیشتمان ۲ـ دوکتور کاردۆ محەممەد، مامۆستای زانکۆ بابەتێک بە ناوی پێگەی سەربازیی هەرێم دووای دروستبوونی داعش ۳ـ هاوژین مەلا ئەمین، نووسەر، بابەتێک بە ناوی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
پانێلی دووهەم تەرخان کراوبوو بۆ: ۱ـ دوکتور کامران مەنتک مامۆستای زانکۆ، بابەتێک بە ناوی کورد لە سیستمی جیهانیدا ۲ـ ڤیان محەممەد فەرەج، نووسەر بابەتێک بە ناوی پرۆژەی گاپ ۳ـ مەسعوود عەبدولخالق نووسەر، بابەتێک بە ناوی چارەنووسی کورد لە پرۆژەکانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا.
پانێلی سێیەمی کۆنفڕانسەکە تەرخان کرابوو بۆ: ١ـ سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی پەیوەندیەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان "کەجەکە"، بابەتەکەی بە ناوی "داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیە لە سەر باشووری کوردستان"٢ـ ئەبوبکر عەلی، نووسەر و چاودێری سیاسی بابەتەکەی بە ناونیشانی "پێواژۆی ئاشتی لە تورکیه لەنێوان دەرفەتە لەدەستچوەکان و شانسەکانی ئایندە"٣ـ فواد خاکی بەیگی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران لە سلێمانی، بابەتەکەی بە ناوی "ئێران لە دوای کشانەوەی ئامریکا لەڕێککەوتنی ناوکی و کاریگەری لەسەر خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.