کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و کوردستان زیادی کردووە

17:12 - 2 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و بەتایبەت لە نێو چینی خوێندەواردا زیادی کردووە و رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت تووشبوونی لاوان و توێژی خوێندەواری ئەو کۆمەڵگایە، نیگەرانیی بنەماڵە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی و هەروەها کارناسانی کۆمەڵناسیی لێ کەوتووەتەوە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ئەو رێژیمە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ هەموو بیر و رایەکی جیاواز و پێشکەوتنخوازانە، لەهەموو سیاسەتێکی دزێو و کاری نەشیاو کەڵک وەردەگرێت.
یەکێک لەو سیاسەتانەی کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتوویەتە بەر، بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نێو خەڵک و بەتایبەت لە نێو چینی مێرمنداڵ و لاوان دایە کە هەر رۆژ زیاتر پەرە دەستێنی و ژیانی بنەماڵەکانی بەرەو داڕمان بردووە.
ئامارێک لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان لە ئێراندا
رۆژنامەی حکوومەتیی شەرق سەرەتای مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بڵاوی کردۆتەوە: لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی هەتاوی، \'\'تریاک، حەشیش هێرۆئین و ئەلکول\'\' بە ریز زیاترین رێژەی بەکارهێنانیان لە نێو توێژی خوێندکاردا بووە، بەڵام لە چەند ساڵ دواتر ئەو شێوە بەکارهێنانە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و لە نێوان ساڵەکانی ٨٠ هەتا ٨٦ی هەتاوی \'\'تریاک، حەشیش، ئەلکول و هێرۆئین\'\' زیاترین رێژەی بەکارهێنەریان هەبووە.
جیاوازیی نێوان سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ لەگەڵ چەند ساڵ دواتری ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە شێوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان رووی نەداوە، بەڵام دوو ساڵ دواتر واتە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویدا \'\'ئەلکول، ئێکستازی، کراک و هێرۆئین\'\' بە ریز زیاترین رێژەی بەکارهێنانیان لەنێو خوێندکاراندا هەبووە کە جیاوازییەکی بەرچاوە رووی داوە و هەندێک ماددەی سەنعەتی و مەترسیدار بەو ئەولەویەتانە زیاد بووە.
رۆژنامەیەکی دیکەی حکوومەتی سەبارەت بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو خوێندکاراندا نووسیویەتی: ٢ میلیۆن خوێندکاری تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە زانستگاکانی ئێراندا بوونیان هەیە و لەسەدا ٢٥ی قوتابییانیش تووشی ئەو ماددەیە بوون.
لە نوێترین ئاماردا جێگری رێکخراوی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاندووە: لەسەدا ٤ی قوتابییانی ئێران پێشینەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری جۆری \'\'شیشە\'\'یان بووە و هەنووکە لەسەدا ١،١%ی ئەو قوتابییانە شیشە بەکار دەهێنن.
سەرەڕای توێژی خوێندکار، ژنان وەکوو توێژێکی دیکە کۆمەڵگا مەترسیی تووشبوونیان بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئارا دایە و هەنووکە لە کۆمەڵگای ئێراندا رێژەی نێونجیی تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە نێو ژناندا ٢١ ساڵ و لە نێو کچانیشدا ١٥ هەتا ١٩ ساڵ راگەیەنراوە.
بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان، بە گشتی ١ میلیۆن و ٣٢٥ هەزار هاووڵاتی لە ئێراندا ماددەی هۆشبەر بەکار دێنن کە لەو رێژەیەدا ٧٠٠ هەزار کەسیان بۆ رابواردن دەست بۆ ئەو کارە دەبەن.
نێونجی تەمەنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتی ئێران ٢١ ساڵ راگەیەنراوە و بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە، لە رۆژێکدا ١٣٦٩ کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێت و ٢٧ پەروەندە لە شوێنە قەزایی‌یەکاندا پێک دەهێنرێت.
پرسێک کە فیکری کارناسانی ئەو بوارەی سەرقاڵ کردووە ئەویە کە رۆژانە رێژەیەکی زۆری ماددەی هۆشبەر لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، یان رۆژانەی سەوداگەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەکان لە ئێران دەسبەسەر و تەنانەت ئیعدامیش دەکرێن، بەڵام نەک ماددەی هۆشبەر و ژمارەی بەکارهێنەرکان کەم نابێتەوە، بگرە رۆژ لە دوای رۆژ ماددەی هۆشبەر و ژمارەی بەکارهێنەرانیش روو لە زیادبوون دەکەن.
لە دەربڕینێکی ناتەبا لەگەڵ سەرژمێرییەکانی رێژیمدا، وەزیری ناوخۆی ئێران تووشبوانی ماددە هۆشبەرەکانی ١ میلیۆن و ٣٥٠ هەزار کەس راگەیاندووە و وتوویەتی: ٥ میلیۆن ئێرانی بۆ رابواردن ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن بەڵام گیرۆدەی نەبوون.
بەپێی ئەم ئامارەی وەزیری ناوخۆی رێژیمی ئێران، ١ میلیۆن بنەماڵە لەو وڵاتەدا راستەوخۆ پێوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.
ماددەی هۆشبەر لە کوردستان

لە کوردستانی ئێران جیاوازتر لە باقی ناوچەکانی ئێران، بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە داڕێژراو لەلایەن دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە کاری لەسەر دەکرێت.
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆری تریاک هەنووکە لە کوردستاندا پلەی یەکەمی بە نیسبەتی ماددەکانی دیکە هەیە و بەبێ هیچ چەشنە بەربەستێک رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە و لەسەدا ٤٠ی تووشبوان لەخۆ دەگرێت. هەروەها لەسەدا ١٠ی بەکارهێنەران لە پاریزگای سنە حەشیش بەکار دەهێنن.
پارێزگای ئورمیە وەکوو یەکەمین پاریزگای ئێران کە زیاترین بارزگانیی ماددە هۆشبەرەکانی تێدا دەکرێت، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ساڵێکدا لەسەدا ١٥ زیاد دەکا و بە شێوەیەکی مەترسیدار ئەو ماددەیە لە نێو لاوان و هاووڵاتییاندا بە بێ هیچ گرفتێک بڵاو دەکرێتەوە.
لە ساڵێکدا نزیک بە ١٠ تۆن ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای ئورمیە بازرگانیی پێ دەکرێت.
لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار سەربە پارێزگای ئورمیە، گەورەترین ئاشپەزخانەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری جۆری شیشە بوونی هەیە و رێژیمی ئێرانیش نەک هیچ چەشنە بەربەستێک لە رەوتی کارەکەیاندا دروست ناکات، بگرە ئاسانکاری و ئیمکاناتی تەواویان بۆ دابین دەکات.