کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێران ٥٠ لەسەد دابەزیوە

12:10 - 15 گەلاوێژ 2721

''مەنسوور پووریان'' بەرپرسی شورای دابینکردنی ئاژەڵی ئێران وتوویەتی، دۆخی ئابووری و کۆرۆنا بووەتە هۆی مەندیی بازاڕی گۆشتی سوور و بەو هۆیەوە بەکارهێنانی گۆشتی سوور ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو ڕێژەی نێونجیی بەکارهێنانی ساڵانەی گۆشتی سووری لە ئێران یەک ملیۆن تۆن ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە لە ئێستادا ئەم ڕێژەیە بۆ ٥٠٠ هەزار تۆن دابەزیوە.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە کەمیی تفاق، وشکەساڵی و قەیرانی دابینکردنی ئاو و کێشەی ئابووریی ئاژەڵداران بۆ کڕینی تفاق بووەتە هۆی ئەوەیکە بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور وەکوو کارێکی ئابووریی زیانهێنەری لێ بێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، سەرانەی گۆشتی سوور لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ نزیکەی ١٣ کیلۆگرەم بوو کە هەتا ساڵی ٩٨ بەرەبەرە دابەزیوە و بۆ ٨ کیلۆ دابەزی، بەو پێیە لە ساڵی ٩٠ هەتا ٩٨ بەکارهێنانی گۆشتی سوور لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە ٣٨.٥ لەسەد دابەزیوە.

هەتا ئێستا ناوەندی ئاماری ئێران بەنیسبەت بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێران لە ساڵی ٩٩وە ئامارێکی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی بەراوردەکان سەرانەی بەکارهێنانی گۆشت لە ساڵی ڕابردوو بۆ ٥ کیلۆگرەم دابەزیوە.

هاوکات چالاکانی پیشەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەنیسبەت کەمیی مریشک لە بازاڕدا هۆشدارییان داوە.

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان وتوویانە، ئەگەر ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بەخێرایی پێداویستییەکانی پەلەوەرداران دابین نەکەن، حەوتووی داهاتوو تاران لەگەڵ قەیرانی مریشک بەرەوڕوو دەبێت.