کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی رێژیم بە بەڵێنی وەرگرتنی پارە رەوانەی پاسگا سنوورییەکان دەکرێن

20:57 - 24 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دانانی پاسگای نوێ و کردنەوەی پاسگا کۆنەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لەهەوڵی جێگیرکردنی هێزێک زۆر لە جاشەکانی کوردستانە.

بەپێێ راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی میلیتاریزەکردنی ناوچە جۆراجۆرەکانی کوردستان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم لە گوندی لوڕئاوای سەر بە شاری جوانڕۆ پاسگایەکی نوێی داناوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و بە پێی راپۆرتی گەییشتوو لە روانسەروە، رێژیمی ئێران پاسگای قووڕی قەڵای ئەو شارە کە چەند ساڵێک بوو هێزی تێدا نەبوو، نۆژەن دەکاتەوە و هێزی بەکرێگیراوی تێدا جێگیر دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: رێژیمی ئێران بە دروست‌کردنی پاسگای نوێ و نۆژەنکردنەوەی پاسگا چۆڵ‌کراوەکان دەیهەوێت کەش و هەوایەکی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکات.

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی ئەو هێزانەوە کە بڕیارە لەو پاسگایانەدا جێگیر بکرێن ئاماژەی بەوەدا کە رێژیمی ئێران بەو جاشانە کە ئامادەن لە پاسگاکان جێگیر بکرێن و تا کۆتایی پاییز لەوێدا بمێننەوە بەڵێنی داوە کە بڕی ١٥ ملوێن تمەنیان پێ دەدرێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بە شێوەگەلێکی جۆراجۆر هەوڵی داوە کە خەڵکی کوردستان لە هەژاریدا بهێڵێتەوە تاکوو بتوانێت لە هەژاری خەڵک کەڵک وەربگڕیت و بە دانی پارە و بەڵێنی جۆراجۆر کۆمەڵێک بەکرێگیراو لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی خەڵکی کوردستان و حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیم لەو جاشانە کەڵک وەربگرێت.