کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نا" وتنی کوردستان بە ڕێژیم بەهێزتر لە جاران بوو

18:39 - 16 پووشپەڕ 2724

بایکۆتی خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکانی چواردەیەمین خولی سەرۆکۆماریی ڕێژیم سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بۆ جارێکی دیکە خەڵکانی ئێران و بەتایبەتیش خەڵکی کوردستان، "نا"یەکی بەهێزیان بە ڕێژیم وتەوە.

ئاکامی شانۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکۆماریی مەسعوود پزشکیانی بەدواوە بوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بوو.

لە خولی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەدا، کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵک تۆمار کرا کە نەتەوە بندەستەکان کەمترین ڕێژەی بەشدارییان هەبوو.

پاش شکستی ڕێژیم لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان کە لە ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو، هەموو ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم بە مەبەستی ڕاکێشانی زیاتری خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە خولی دوهەمدا دەستبەکار بوون.

بەپێی زانیارییەکان لە خولی دووهەمدا، ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی خۆی، کاتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی هەتا کاتژمێر ١٢ شەو درێژ کردەوە، بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕێژەی بەشداریی خەڵک بە گشتی زۆر کەم بوو.

لەم خولەدا ڕێژیم تەنانەت بە هەڕەشەکردنیش نەیتوانی ڕێژەی بەشدارییەکە بەرز بکاتەوە.

 

لە شارەکانی کوردستان، ڕێژیم هەوڵی دا بە پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان، هەڕەشەکردن لە ئەندامانی کۆمیتەی ئێمداد و بێهزیستی، بە پێدانی کارتی هەدیە و دەیان فرتوفێڵی دیکە خەڵک ڕاکیشی سەر سندووقەکان بکات، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە خەڵکی کوردستان ئەمجارە "نا"یەکی بەهێزی دیکەیان بە ڕێژیم وتەوە.

وێنە و ڤیدیۆ و هەواڵە بڵاوکراوەکان لە کوردستان دەرخەری کەمبوونی ڕێژەی بەشداریی خەڵک بوون و ئەوەش کە بە ناوی دەنگی خەڵکەوە خرایە سندووقەکانەوە، دەنگی مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم بۆ ڕەوایی بەخشین بەم شانۆیە بوو.

 

خەڵكی کوردستان بە بەشدارینەکردن ئەم پەیامەیان بۆ کۆماری ئیسلامی دا کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازدا نابینن و لە هەر حاڵەتدا، وڵامیان بە ڕێژیم "نا"یە.