کوردستان میدیا: جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم خەریکی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکن و هەمیشەیش لە لایەن خەڵکەوە ڕیسوا دەکرێن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە پایەگاکانی" مەڕەخێڵ" و"دڕۆڵە" لە ناوچەی سنووریی باینگان، شەوی ٢٨ی بەفرانبار، چوونەتە ناو ئاوایی "کلوری ئیمامی" و زیاتر لە ٤٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی خەڵکیان بە تاڵان بردووە.
دوای ئەوەیکە خەڵکی ئاوایی "کانیسالار" و "دڕۆڵە" و دەوروبەری لەو کردەوە قیزەونەی جاش وپاسداران ئاگادار دەبن، بە هانای خەڵکی ئاوایی "کلورە"وە دەچن.
دوای ئە کردەوەیەی جاشەکان، خەڵک پەلاماری جاش و بەکرێگیراوان دەدەن و مەڕ و ماڵاتی خەڵکیان لێ وەردەگرنەوە و بەکرێگیراوانیش بە شەرمەزارییەوە دەگەڕێنەوە مۆڵگەکانی خۆیان .
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای ٤٠ ساڵ نەهامەتیهێنان بۆ خەڵکی بێتاوانی ئێران و دزین و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵک بۆ پەرەپێدانی کردەوەی تێرۆریستی، لە وڵاتانی وەک سوریەو عێراق ولوبنان و یەمەن، چاوی بڕیوەتە سەر مەڕ و ماڵاتی خەڵک و خەریکی بەتاڵانبردنی سامانی خەڵکە.