کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەی نوێ لەبارەی ڕۆڵی ئێران لە پێدانی چەک بە حوسییەکان ئاشکرا کرا

12:16 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی نوێی لەسەر ئێران سەبارەت بە هاوکاریکردنی حوسییەکانی یەمەن بەدەست گەیشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ هەواڵدەری فەڕانسە بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی نهێنی سەبارەت بە بەردەوامی هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ حوسییەکان بەدەست گەیشتووە.

لە ڕاپۆرتەکەی کارناسان بۆ شورای ئەمنیەتدا هاتووە: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەناردەکردنی موشەکە بالستیکە کورتبڕەکان و کەرەستە جەنگییەکانی دیکە، لە دوای گەمارۆی چەک و چۆڵەکانی سەر ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەردەوامی هەبووە".

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "ئەو چەکانەی کە حوسییەکان بەکاریان هێناوە لەلایەن کارناسانەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و دەرکەوتووە کە ئەو چەکانە لەگەڵ چەکە بەناوبانگەکانی دروستکراوی دەستی ڕێژیمی ئێران هیچ جیاوازییەکیان نییە".

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لە سەفەری کارناسان بۆ وڵاتی سعودییە لە سەرەتای ئەمساڵدا کراوە و نوسراوە: "ئەم تیمە لە دواسەفەری خۆیدا بۆ سعودییە دەیان موشەکی هاوێژراو لەلایەن حوسییەکانیان بینیوە و پاش لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم مووشەکانە دروستکراوی دەستی ئێرانن".

کارناسان لەو باوەڕەدان کە تەنانەت دوای گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، حوسییەکان بەردەوام موشەکە بالستیکییەکان و پەهپادیان لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەناردە کراوە"؛ هەروەها کارناسان بە دوای دۆزینەوەی بەڵگەن لەسەر پێدانی مووچەی مانگانە بە حوسییەکانی یەمەن کە دەوترێ ڕێژیمی ئێران ئەنجامی دەدات.

پێشتریش سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی نهێنیدا، بە شۆرای ئەمنییەتی ڕاگەیاندبوو کە پاش پشکنینی ئاسەواری بەجێماو لەو مووشەکانەی کە لە یەمەنەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودی هاوێژراون، دەرکەوتووە کە کەرەستەی ئەو مووشەکانە دروستکراوی دەستی ڕێژیمی ئێرانە.

هەروەها ئامریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانییەتی عەرەبی، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە کە بە مەبەستی تەیار و بەهێزکردنی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، مووشەک و چەکوچۆڵی سەربازییان بۆ یەمەن بەڕێ کردووە.