کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنیی بەرپرسێکی ئامریکا بە جیهان: ناهێڵین ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات

17:47 - 26 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای مەحکووم کردنی دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە: "هەرگیز بە ڕێژیمی ئێران ڕێگا نادەین، کە چەکی ناوکی ساز بکات".

مایک پێنس، جێگری سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، کاتژمێرێک پاش ڕێوڕەسمی کرانەوەی باڵوێزخانەی نوێی ئامریکا لە شاری ئورشەلیم، لە ئاخاوتنێکدا هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر سەروەریی ئیسرائیل مەحکووم کرد و ڕایگەیاندووە: "وڵاتەکەی بەڵێن بە جیهانیان دەدات، کە هەرگیز ڕێگا بە ڕێژیمی ئێران نادات، کە چەکی ناوکی ساز بکات".

ناوبراو شەوی دووشەممە لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە واشینتۆن، بەشداری لە ڕێوڕەسمی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ شاری ئورشەلیمی کردووە و ئاماژەی بە هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و ئاژاوەگێڕییەکانی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کردووە و هەروەها چوونەدەرەوەی ئامریکای لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی بە بڕیارێکی دروست ناو بردووە.

پێنس هەروەها وتوویەتی: "هەر بەو جۆرەی کە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، ڕێککەوتننامەی بەرجام نەیتوانی ئارامی و ئاشتی بەرهەم بێنێت، هێرشەکانی ئەم دواییانەی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بەڵگەیەکی سەلمێنەرن کە ئێمە بڕیارێکی دروستمان داوە"، هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە:" با ئێمە هەموو جیهان دڵنیا بکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک بە ڕێژیمی ئێران ئیزن نادەین کە چەکی ناوکی ساز بکات".

دانڵد ترامپ بە هۆی دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچە، چالاکییە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە و پشتگیری و یارمەتیدانەکانی بە تێرۆریستان و هەروەها گومانەکان بە نیسبەت بەردەوامیی ڕێژیمی ئێران لە چالاکی پیتاندنی ئۆرانیۆم پاش بەرجام، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ، بڕیاری هاتنەدەرەوەی ئامریکای لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی واژۆ کرد.

عەلی‏ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی وێڕای هەڕەشە لە ئیسرائیل، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە، بە نیسبەت داواکاریی ئورووپایییەکان بۆ دانوستاندن و چاکسازی لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕایگەیاندووە: "تاران هەر جۆرە پێشنیارێک بە نیسبەت دانوستاندن لەسەر گۆڕینی خاڵەکانی بەرجام، بەتایبەت پرۆژەی مووشەکە بالستیکییەکان ڕەت دەکاتەوە و بە هیچ شێوەیەک دەستیان لێ ‏هەڵناگرێت".