ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەەوە.
دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن یەکێک لەو ڕۆژە گرینگانەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە کە دژ بە چەوسانەوەی نیوەی کۆمەڵ و بۆ یەکسانیی هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دیاری کراوە. دیاریکردنی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی ژن، نە کۆمەڵگە پێی بەخشیون و نە هیچ یاسایەک پێشەنگی ئەم یەکسانخوازییە بووە، بەڵکوو ئەوە ژنان خۆیان بوون کە دژ بە چەوسانەوە و ناعەداڵەتی ڕاپەڕین و هاتنە مەیدان و لەم ڕۆژەدا بانگی ئازادی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییان دا و چیتر زوڵم و ستەمیان قەبووڵ نەکرد. بەو بۆنەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە ژنانی سەرانسەری جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی دەکات و لە هەمان کاتدا لە کار و بەرنامەکانی خۆیدا پشتیوانی خەباتی ژنان دەبێت بۆ ئەوە لە دواڕۆژ کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر کە لەودا یەکسانیی ژن و پیاوی تێدا بێتە دی.
ئەگەر لە کۆمەڵگەی جیهانیدا ڕۆژ و بۆنەی جۆراوجۆر هەن و هەر نەتەوەیەک بە جۆرێک لە جۆرەکان یادیان دەکاتەوە، بەڵام هەشتی مارس یەکێک لەو ڕۆژە مێژووییانەیە کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی ئینسانیی ژن تێیدا بەرجەستە کراوە. ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا و بە تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن ئازادی و دێموکراسی ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت و ژنان لە هەوڵی هەرچی زیاتری دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیاندان. بەڵام لە هەمان کاتدا بەداخەوە لە زۆر وڵاتی دواکەوتوو و خاوەن دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە ژنان هەر لەژێر نیری چەوسانەوەدان و لەلایەن دەسەڵات و بەشێک لە کۆمەڵگە مافە ڕەواکانیان پێشێل دەکرێن، بەڵام لە زۆرێک لەو وڵاتانە ژنان بێدەنگ دانەنیشتوون و دەستیان لەسەر دەست دانەناوە، ئەوان لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا داوای مافەکانیان کردووە و دژ بە ناعەداڵەتی هاتوونەتە مەیدان و بە کردەوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم بوونەتەوە.
لەنێو وڵاتە دیکتاتۆر لێدراوەکاندا ئێران بە بوونی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە یاسا مافەکانی ژنانی پێشێل کردووە و هیچ مافێکیان پێ ڕەوا نابینێت. لەژێر دەسەڵات و یاسایەکی دواکەوتووانەدا ژنان بوونەتە قوربانی و بە شێوەی جۆراوجۆر سەرکوت دەکرێن و دەخزێنرێنە کونجی ماڵ و پێشگیری لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونیان دەکرێت. یاسا بەرکارەکانی کۆماری ئیسلامی هەردەم ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە چاوێکی کەم سەیری ژن بکات و لەژێر سێبەری ئەو یاسایانەدا ژنان بچەوسێندرێنەوە، بکوژرێن و مافەکانیان پێشێل بکرێن. توندوتیژی یەکێک لەو دیاردانەیە کە ئاماری لە بەرزبوونەوەدایە و ڕۆژانە بە بەرچاوی دەسەڵاتەوە بێڕێزی بە کەرامەتی ژن دەکرێت و دەکوژرێت. خۆکوشتن، خووگری بە مادەهۆشبەرەکان، تێکچوونی شیرازەی بنەماڵە و توندوتیژی و... لەو دیاردانەن کە لەژێر سایەی یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامیدا لە بەرزبوونەوەدان.
دەسەڵاتی ئێران نەک هەر هیچ مافێک بۆ ژن قایل نییە بەڵکوو ژنان لەسەر داواکردنی مافەکانیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دەبنەوە، بەندیخانەکان و دادگاکانی ئێران بوونەتە دیارترین شوێنی زوڵم و ناعەداڵەتی بەرانبەر بە ژنان، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو توندوتیژی و چەوسانەوەیە ژنانی ئێرانی هەردەم بەگژ دەسەڵات و یاسا کۆنەپەرستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چوونەتەوە و وێڕای داوای مافە کۆمەڵایەتییەکانیان شان بە شانی پیاوان بۆ وەدەستهێنانی ئازادییەکانی دیکەی کۆمەڵگە هەر لە مەیداندا بوون، ئازایانە هاتوونەتە مەیدانی سیاسەت و خۆڕاگرانە ئەشکەنجەگاکانیان کردۆتە قوتابخانەی بوێری و بەرخۆدان و لە هەڕەشە و سەرکوت نەپرینگاونەوە. تەنانەت لە ڕەوتی خەبات بۆ ئازادی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ژنان داواکارییەکانیان وێڕای پیاوان خەتی سووری نیزامی تێپەڕاند و لە چەند ڕاگەیەندراودا هاوشان لەگەڵ پیاوان داوایان ئەوە بوو کە هەم یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بگۆڕدرێت هەم کاربەدەستانی باڵای نیزامی کۆماری ئیسلامی دەست لەکار بکێشێتەوە کە لەو پێناوەشدا کەوتنە زیندان و ئازار و ئەشکەنجە دران. ئێستاش دەبینین کە بەندیخانەکانی ڕێژیم کۆمەڵێک لە ژنانی ئازادیخوازی لە سەرانسەری ئێران تێدا بەند کراوە. لە خۆپشاندانەکاندا هەردەم پێشەنگن و لە هەر کۆڕ کۆمەڵ و کۆبوونەوەیەکدا دژ بە دیکتاتۆری و دەسەڵاتی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی دەنگ و ئازایەتیی ژنان لەرزەی خستۆتە کۆشکی دیکتاتۆر و لە وەدیهێنانی مافەکانیان بەردەوامن و شەقام و بەندیخانەکانی ئێران نموونەی زیندووی ئەم بوێری و ئازایەتییەن.
لەگەڵ ئەوەی کە لەژێر دەسەڵاتی دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامیدا بە یاسا مافەکانی ژنان لە هەموو بەشەکانی وڵات پێشێل دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی کورد وێڕای پێشێلکردنی مافە ڕەگەزییەکانیان لە باری نەتەوایەتیشەوە مافیان پێشێل کراوە، لە خویندنی زمانی دایکی بێبەشن، لە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پەرپێدانی فەرهەنگ و کەلتووری کوردی و زۆر مافی دیکەی ئینسانی بێبەش کراون. "زارا" مامۆستای قوتابخانە و... کەیکاوسی لەو ژنانەن کە لەسەر داواکارییە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانیان کەوتوونەتە زیندان.
ژنانی کورد لە دێر زەمانەوە بە جیهانیان سەلماندووە کە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی نیشتمانیان قەبووڵ نەکردووە. لە هەمانکاتدا کە شان بە شانی پیاوان لە کاری ڕۆژانەدا هاوکاری پیاوان بوون لە مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازانەدا لە قوربانیداندان لە پیاوان جێ نەماون و لە خەباتی شار و خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەشدا هەردەم لە مەیداندا بوون و تا پلەی سەرکردە چوونە پێشێ و کەسانی دیار و بە ناوبانگیان لێ هەڵکەوتووە و بوونەتە ڕەمزی ئازایەتی و فیداکاری.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سەرجەم ژنانی ئێران و کوردستان، ڕێز لە خەبات و ماندوویەتییان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەگرین و خۆمان وەک هەمیشە نەک هەر وەک پشتیوان، بەڵکوو بە بەشێک لە داکۆکیکاران و هەڵسووڕاوانی بۆ وەدیهاتنی بە پشتیوانی داوا ڕەواکانیان دەزانین و لە هەمانکاتدا هیوادارین کە لە خەبات دژی زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی بەردەوام بن و هەروەک تا ئێستا نیشانیان داوە لەمەودواش زیاتر لە پێشوو لە هەوڵی گۆڕینی یاسا دواکەوتووەکان و یاساکانی دژە ژن بن و وێڕای هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی مافە پێشێلکراوەکانیان شانبەشانی پیاوان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکان بەگوڕتر لە جاران لە مەیداندا بن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی