کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە و زیندانیکردنی مامۆستایان

11:19 - 15 بانەمەڕ 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە و گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە و گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایان

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

مامۆستایانی بە هەڵوێست و مافویست!

پاش ناڕەزایەتیی ڕەوای مامۆستایانی ئێران و کوردستان لە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاویدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەند مامۆستای دەروەست و مافویستیان لە شارەکانی کرماشان و سنە و سەقز و مەریوان دەسبەسەر کردووە و هەڕەشەی دەرکردن و گرتن و زیندانیکردنیان لە دەیان مامۆستای دیکە لە شارەکانی کوردستان کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێستادا دۆخی ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتیی مامۆستایان لەوپەڕی خراپیدایە و باندە گەندەڵ و دزەکانی دەسەڵاتدار دەستیان بەسەر سامان و سەروەتی نەتەوەییدا گرتووە و بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەی خەرج دەکەن و گەلانی ئێران بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی بە هەژاری و نەداری دەژین.

لەلایەکی دیکەوە دۆخی شپرزەی پەروەردە، بەپوڵیکردنی خوێندن، پێشگرتن لە خوێندن بە زمانی دایکیی نەتەوەکانی ئێران و دەیان دیاردەی دزێوی دیکە لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا مامۆستایانی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە کە نابێ لەهەمبەر ئەو دیاردە دزێو و سیستماتیکانەی ڕێژیم بێدەنگ بن و دەبێ دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن. یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای پێداگری و پشتیوانی لە ویستە ڕەواکانی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڕەشکردن و گرتن و زیندانیکردنی مامۆستایانی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکات و داوا لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت قوتابییان و بنەماڵەکانیان دەکات کە بە دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و مانگرتن وەک هەمیشە پشتیوانی ویستە ڕەوا و نەتەوەییەکانی مامۆستایان بن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی