کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە نیسبەت هێرشی مووشەکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە و ئەو کردەوە دژە ئینسانییەی ڕێژیمی بە توندی مەحکووم کرد.
دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:
ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و کوشتنی چالاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە توندی مەحکووم دەکەین.
هەر وەک ئاگادارن؛ ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی سێ لاوی کورد کە بە تۆمەتگەلی وەک چالاکی سیاسی و پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەسبەسەر، زیندانی و موحاکمە کرابوون، بەداخەوە لە کردەوەیەکی دژە ئینسانیدا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو لە سێدارە دران. هاوکات لەگەڵ ئێعدامی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە، ناوەند و ئیدارەکانی حیزبەکانی کوردستانی "ڕۆژهەڵات" یەک لەوانەی دەفتەری ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرایە ئامانجی چەندین مووشەک.
لەو ڕووداوەدا بەداخەوە ١٦ کەس لە ئەندامانی کادری ڕێبەری و مەدەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوانە: ''نەسرین حەداد، سۆهەیلا قادری، کەریم مەهدەوی، ئیبراهیم ئیبراهیمی، ڕەحمان پیرۆتی، هاشم عەزیزی، عوسمان عوسمانی، کەریم ڕەسووڵزادە، پێشەوا سەید عومەر، جەماڵ ئەکبەری، مەنسوور ئەکبەری پوو، فاڕووق حەسەن خەیات، محەممەد حەسەن پوور، هاوڕێ کارساز و موختار قادر پوور گیانیان لە دەست دا.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای هادەردی لەگەڵ بنەماڵەی ئێعدام کراوەکان و گیان لەدەستداوانی ئەو ڕووداوە و سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤ کە باوەڕی پێی هەیە، ڕامین حوسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی، بە شێوەیەکی زۆر ناعادڵانە موحاکمە و ئێعدام کراون.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها کردنە ئامانجی ناوەندە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسۆن بە ڕاکێت و مووشەک و کوشتنی جیابرانی به پێشێلکردنی هەموو یاسا سیاسی و مەدەنی وجەنایەت دژی ئینسانییەت دەزانێت. لەو بارەیەوە ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد ئێعدامی مافی ژیان و عەداڵەت دەزانێت. هاوکات کردنە ئامانجی دەفتەر و ناوەند ئیداری و مەدەنییەکان حیزبەکانی کوردستان به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەزانێت و به توندی مەحکوومی دەکات.
یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی
٩ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی
شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان