کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە باوەڕی بەناو نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ڕێژیم، لە ئێراندا کورد هەموو مافێکی پێ دراوە

11:59 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ڕێژیمدا، مافی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتییان دەستەبەر کردووە و داوای مافی کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاواش دەکەن!

بەناو نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، لە هەمبەر داگیرکاریی و ستەمی دەوڵەتی تورکیە، دەرحەق بە کوردستانی ڕۆژئاوا و پێشێلکاریی مافی نەتەوەیی و بەتایبەت مافی زمانیی کوردەکانی باکوور، سکاڵایەکیان ئاراستەی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

لەم نامەیەدا کە زۆرینەی بەناو نوێنەرانی کوردی ڕۆژهەڵات واژۆیان کردووە، بە جۆرێک باس لە ستەمی نەتەوەیی و دەسدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر پارچەیەک لە کوردستان و پێشێلکاریی مافی نەتەوەیی و زمانیی کوردەکانی باکوور دەکرێت، کە گوایە ڕێژیمی ئێران، هەموو مافێکی بە کوردەکانی ڕۆژهەڵات داوە و کوردستانی ڕۆژهەڵات لەوپەڕی ئەمنییەت و ئاسایشدایە.

ئەم نوێنەرانە کە بەناو نوێنەری کوردی ڕۆژهەڵاتن، لە حاڵێکدا وەها نامەیەک بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنووسن، کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تاکی کورد لە هەموو مافێکی سەرەتایی و مرۆیی خۆی بێبەشە.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە هەواڵدرییەکانی ماف مرۆڤ بڵاو دەبێتەوە، ڕۆژ نییە کە لەسەر سنوورە دەسکردەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور کۆڵبەرانی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم شەهید یان بریندار نەکرێن.

بەناو نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ڕێژیم، ئەگەر باس لە داگیرکاریی ڕۆژئاوا لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە دەکەن؛ با باس لە ئۆپراسیۆنی داگیرکاریی کەرکووک، لە لایەن حەشدی شەعبیی سەر بە ڕێژیمەوەش بکەن، کە لە ١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو، بە هاوکاریی سپای قودس ئەنجام درا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەدا هاتووە، کە لە وڵاتی تورکیەدا، باوک و کوڕێک بە بۆنەی ئاخاڤتن بە زمانی کوردییەوە، لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیە کوژراو و بریندار بوون، لە حاڵێکدا ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاوی لاوانی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمدا، تەنیا بە هۆی کوردبوونیان لە سێدارە دەدرێن و هیچ هەڵویست و ناڕەزایەتییەک لەم بەناو نوێنەرانە نابینرێت.