کوردستان میدیا

دووشەممه 31ی پووشپەڕ 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، لە کوردستاندا چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو

13:02 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی پووشپەر، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

قارەمانانی چاونەترسی دێموکرات لە شاری مەریوان، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە چوارڕای ئەسڵیی ئەو شارە  و شارەدێی ''نێـ''دا، بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی ''دەل''، سەر بە هەورامان، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند: "ئێمە هەتا دواهەناسەی ژیانمان، درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان و بەتایبەت دوکتور قاسملووین و لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، هەر ئەرکێک کە بە ئێمە بسپێردرێت، ئامادەین کە ڕایپەڕێنین".

هاوکات لە شاری بانە، ئەندامانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، بە نووسینی دروشمگەلی: "بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، "ڕێگای دوکتور قاسملوو، ڕێگای ڕزگارییە" و "بژی ڕاسان"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها، قارەمانانی دێموکرات لە شاری بۆکان، لە کۆڵانەکانی: "قەندیل، ئاگرین و تەرەغە و هەروەها لە پردی هەوایی میراوا"، بە نووسینی دروشمگەلی: "بژی دوکتور قاسملوو"، "قاسملوو قامووسێک بۆ ژیان" و "قاسملوو شکۆی نەتەوەیەک"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە ناوچەی شاروێرانی سەر بە شاری مەهاباد، لە گوندەکانی: "کێچاوا، گابازەڵە و حاجی خۆش"، بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.